بەهۆی تەنگژەی داراییەوە سلێمانییەكان پێشوازی لە جەژن ناكەن

:: PM:09:43:18/06/2017 ‌
 
ئەگەرچی جەژنی ڕەمەزان نزیك بووەتەوە، بەڵام دوكاندارانی سلێمانی بێ ئومێدن و دەڵێن، جەژن هیچ گوڕ و تینێكی بە بازاڕ نەداوە و هاووڵاتییان وەك پێویست پەرۆشی ئامادەكارییەكانیان نین بۆ ڕۆژی جەژن.
 
خاوەن دوكانێكی جلی كوردی ژنان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر هاووڵاتییان بۆ نەورۆز ئامادەكارییان كردبێت بە تایبەتی لە كڕینی جل و بەرگدا، ئەوا بۆ ئەم جەژنە جل ناكڕن و بەوەش بازاڕ هیچ جوڵەیەكی پێوە دیار نییە.
 
ئایمەن حەسەن، خاوەنی دوكانی جلی كوردی ژنان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تەنیا چەند ڕۆژێك ماوە بۆ جەژنی ڕەمەزان، بەڵام هیچ گوڕ و تین لە بازاڕدا نییە و بازاڕ زۆر چۆڵی پێوە دیارە و هاووڵاتییان دوور كەوتوونەتەوە لە كڕینی جل و بەرگ، بە تایبەتی بۆ ئەم جەژنە.
 
ئاماژەی دا، دۆخەكە بەو شێوەیەی لێ هاتووە كە هاووڵاتییان تەنیا ئامادەكاری لە پێویستییە سەرەكییەكان بكەن و دوور بكەنەوە لە كڕینی هەندێك پێویستی كە ئەگەر ئەوەش نەبێت دەتوانن جەژن بكەن.
 
ئەو دوكاندارە دەڵێت، بازاڕی جلی كوردی زۆر خراپە، هۆكارەكەشی تەنگژەكەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر كەسێك بۆ نەورۆز جلی كوردی كردبێت توانای ئەوەی نییە خەرجییەكی زیاتر بكاتەوە لەم جەژنەدا، بۆیە ئەم جەژنە هەمان جلی نەورۆز بەكار دێنێت.
 
بە گوتەی ئەو دوكاندارە فرۆشیان زۆر كەمی كردووە، بە جۆرێك ئەگەر بەراورد بكرێت بە نەورۆز ئەوا لە %80ی فرۆشیان كەمی كردووە.
 
كارزان عوسمان، هاووڵاتییەكە لە ناو بازاڕ كە شیرینی و نوقڵی جەژن دەفرۆشێت ئەو بۆ "وشە" گوتی، باشترین فرۆشی نوقڵ جۆرە هەرزانەكەیانە، هاووڵاتییان بە زۆری نوقڵی هەرزان دەكڕن بۆ جەژن و دوور كەوتوونەتەوە لە كڕینی چوكلێتی و شیرینی گران.
 
زیاتر گوتی، ئەگەر ڕۆژی 50 كیلۆ بفرۆشین بە دڵنیاییەوە 35 كیلۆ زیاتری لە چوكلێتی هەرزانە، دۆخەكەش وای كردووە كە هاووڵاتییان لە كڕینی شتی باش و گران دوور بكەونەوە.
 
جەمال ئەحمەد، خاوەنی دوكانی جلی كوردی پیاوانە بە هەمان شێوە گوتی، بازاڕ جلی كورد تەنیا بۆ نەورۆز باشە و هاووڵاتییان ڕوو دەكەنە كڕینی جلی كوردی، زۆر بە دەگمەن لە جەژنەكاندا جلی كوردی فرۆشی هەبووە.
 
ئەگەر دۆخەكەش بكەینە هۆكار، ئەوا قورس دەبێت هاووڵاتییەك بۆ نەورۆز جلی كوردی كڕیبێت و ئێستەش بتوانێت جلی كوردی بۆ جەژن بكاتەوە، جلی كوردیش جلێكی تایبەتە و تەنیا لە بۆنە گرنگەكان لەبەر دەكرێت بۆیە كڕینی وەك جلیتر نییە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل