نەخۆشییەكانی پرۆستات كەی مەترسیدارن؟

:: PM:11:24:18/06/2017 ‌

زۆرێك لە پیاوان ترسیان لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی پرۆستات هەیە، بەتایبەتی هەوكردن و شێرپەنجەی پرۆستات، رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەو بارەوە دەڵێت كە هەر پیاوێك جارێك لە تەمەنیدا بەهۆی پرۆستاتەوە سەردانی پزیشك دەكات، لە هەر سێ پیاویش یەكێكیان نەشتەرگەری بۆ دەكرێت، لەگەڵ بەتەمەنداچوونیشەوە كێشەكانی پرۆستات زیاتر دەبێت. 

كۆرت میلەر پرۆفیسۆر لە رێڕەوی میز لە نەخۆشخانەی شاریتی لە بەرلین لە ئەڵمانیا لەو بارەوە دەڵێت، بوونی لووی شێرپەنجەیی لە پرۆستات پێویست بە نەشتەرگەری ناكات، بەڵكو ئێستە رێگەچاری باشتر هەن و كەمتر زیانی لاوەكیان هەیە بە بەراورد بە بەر لە 10 ساڵ پێش ئێستە.

لە نەخۆشییەكانی پرۆستات، هەڵاوسانی پرۆستاتە و لێرەدا كارستن لیكۆتات پسپۆڕی رێڕەوی میز دەڵێ كە چارەسەری هەڵاوسانی پرۆستات بریتییە لە كڕاندنی پرۆستاتە لە رێگەی رێڕەوی میزەوە ئەویش بە بەكارهێنانی بازنەیەكی كارەبایی یان تیشكی لێزەرەوە.

میلەر لەو بارەوە دەڵێت، ئەو نەشتەرگەرییە بچووكە كە لە رێگەی ئەو كونانەی لە رێڕەوی میزەوە هەن دەچینە ناو لەشی پیاوەكە و دەشتوانین ئەو نەشەتەرگەرییە بە ماندووبوونێكی كەمتر بكەین بە بەكارهێنانی لێزەر كە خوێنبەربوون كەمتر دەكات بە بەراورد بە بەكارهێنانی بازنەی كارەبایی، بەڵام هەمان ئەنجامیان هەیە. 

میلەر پیاوان دڵنیا دەكاتەوە لەوەی مەترسی تووشبوونیان بە لاوازی سێكسی و میزلەبەرچوون لە كاتی ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە زۆر كەمە، چونكە دەماری توانای سێكسی لە دەرەوەی كیسەی پرۆستاتە و ئەوان لێی نزیك ناكەونەوە، هەروەها ماسولكەی كۆنترۆڵكار بۆ میزكردن زۆر بەدەگمەن لەو نەشتەرگەرییە زیانی پێ دەگات.

میلەر لەبارەی چارەسەر بە درەمان بۆ هەڵاوسانی پرۆستات دەڵت كە رەنگە سوودی هەبێت لە قۆناغەكانی سەرەتاییدا و دووپاتی دەكاتەوە كە چارەسەركردنی هەوكردنی پرۆستات پێویستە بۆ بەتاڵبوونەوەی میزڵدان كە قەتیسبوونی میز دروست دەكات و رەنگە بۆ گورچیلەكانی زیانیان هەبێت لە مەودایەكی دووردا.

هەرچی شێرپەنجەی پرۆستاتە، یوخن شنایدەر پسپۆڕی رێڕەوی میز دەڵێت كە ئاشكراكردنی شێرپەنجەی پرۆستات لە قۆناغەكانی سەرەتاییدا زۆر گرنگە بۆ مسۆگەری چارەسەربوونی، ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە یەكێك لە كێشەی پیاوان ئەوەیە ئەوان ترسیان لە پشكنینی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات هەیە و ئەوەش وا دەكات كە زۆر بە كەمی پەنا بۆ پشكنین ببەن.

لە پشكنینی خولی پرۆستاتدا ئەندامی دەرەكی زاوزێ كە بریتین لە گونەكان و گڵاندی لیمفاوی لە ناوچەی حەوز و پرۆستات بە دەست پشكنینیان بۆ دەكرێت، بەڵام لووە بچووكەكان پشكنینی خوێنیان بۆ دەكرێت كە پێوانەی مادەی " Prostate specific antigen PSA" لە خوێن دەكرێت كە لەلایەن پرۆستاتەوە بەشێوەیەكی ئاسایی دەردەدرێت و بە قەبارەیەكی بچووك، بەڵام لە حاڵەتەكانی تووشبوون شێرپەنجەی پرۆستات و بوونی هەوكردن و هەڵاوسانی قەبارەیكەی زیاد دەكات.

سەرچاوە: جەزیرە



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل