دوای دابەزینێکی زۆر نرخی نەوت هەڵکشا

:: AM:10:40:29/10/2016 ‌

دوێنێ هەینی کە دوایین رۆژی  هەفتەبازاڕی بۆڕسەی جیهانیی نەوت بوو نرخی نەوت بۆ خوارووی ٥٠ دۆلار دابەزی کە کەمترین نرخی بوو لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا بەڵام چوار سەعات بەر لە داخرانی بازاڕەکە نرخەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە و گەیشتە ٥٠ دۆلار و ٦٦ سەنت.

دوێنێ هەینی نرخی نەوت تا ٤٩ دۆلار و ٣٢ سەنت دابەزی و هۆکاری دابەزینەکەش بریتی بوو لە نەبوونی هیچ دەرەنجامێکی کۆبوونەوەکەی وڵاتانی ئۆپێک کە دوێنێ لە ڤیەننا بەڕێوەچوو و هیچ بڕیارێك لەسەر سنووردارکردنی بەرهەمهێنان و پاڵپشتیکردنی نرخی نەوت دەرنەچوو و هۆکاری سەرەکی بێ دەرەنجام بوونی کۆبوونەوەکەش ململانێ و رەکابەریی هەردوو وڵاتی ئێران و سعوودیەیە کە تاوەکوو ئێستە پابەند نەبوون بە جێبەجێکردنی پلانەکەوە.

یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوە لە ئەمەریكا و نێجیریا كە دوو زلهێزی نەوتن و  هەمیشە بە گرنگترین هۆكاری ئەو دابەزین و بەرزبوونەوەی  نرخی نەوت هەژمار دەكرێن. 

بەپێی دوایین راپۆرتی كۆگەكردنی نەوتی ئەمەریكا بڕەكە چوار ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل زیادی كردووە.

نرخی نەوت پێش سەرهەڵدانی داعش سەرووی ١١٥ دۆلار بوو بەڵام لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە رووی لە دابەزین كرد و لە سەرەتای ئەمساڵ تا ٢٧ دۆلار دابەزی. مەترسی ئەوە هاتە ئاراوە نرخی نەوت بگاتە خوارووی ٢٠ دۆلار و ئەمەش هۆشدارییەك بوو بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هەوڵەكانیان بەگەڕبخەن هاوكاری یەكتر بكەن لە رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی زیادەی نەوت.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کرد ئاستی داخوازی جیهان بۆ بەرهەمی نەوت لە ساڵی ٢٠١٧دا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە و ئەمەش کاریگەری هەبووە لە پاڵپشتیکردنی نرخی نەوت. ئاستی داخوازی هەرچەندە بەرزتر ببێتەوە ئەوا کاریگەریی بۆسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوتیش دەبێت.
 
سەرچاوە: Livecharts


وشە - سلێمان تاشان