گەورەترین كێڵگەی نەوت لە جەمسەری باكور دەدۆزرێتەوە

:: AM:10:52:19/06/2017 ‌

سێرگی دۆنسكۆی وەزیری سامانە سروشتییەكانی رووسیا ئاشكرای كرد، هەردوو كۆمپانیای رۆسنەفت و لوك ئۆیل لە جەمسەری باكور، لە نەوت دەگەڕێن و بەم زووانە دۆزینەوەی گەورەترین كێڵگەی نەوتیی لە ناوچەكە ئاشكرا دەكەن. 

ئەو هەواڵە لە كاتێكدا بڵاو دەكرێتەوە كە رۆژئاوا و رووسیا لەسەر خاوەنداریەتیی جەمسەری باكور ناكۆكی و ململانێیان هەیە.

پێشتر رووسیا ئاڵای خۆی لەو ناوچەكە هەڵدابوو و هەندێك چاودێریش وایان لێك دابووەوە كە رووسیا بەم كارەی دەستی بە جەنگی سارد كردووە، پێشتر رۆسنەفت لە نزیك جەمسەری باكور هەندێك سەرچاوەی نەوتی دۆزیبووەوە، بەڵام ئەوەی بڕیارە رابگەیەنرێت یەكجار زۆر گەورەیە.

دەگوترێت لە جەمسەری باكور بڕێكی زۆری نەوت و گاز هەیە و هەر ئەوەش وای كردووە رووسیا و رۆژئاوا لەسەر خاوەنداریەتیی ئەم ناوچەیە بكەونە ململانێوە.

بەگوێرەی "فارسنیوز" نەوت لە جەمسەری باكور لە قووڵایییەكی زۆر هەڵكەوتووە و پلەی گەرمیش ئەوەندە ساردە كە خەریكە نەوتەكە دەبەستێت، بۆیە بۆ دەرهێنانی نەوتەكەی لە تەكنەلۆجیایەكی تایبەت سوود وەردەگیرێت.

ژینگەدۆستانیش لەوە نیگەرانن ئەو هەنگاوانەی لە جەمسەری باكور دەنرێن، ژینگە بخاتە مەترسییەوە.

 كۆمپانیای روسنەفت ماوەی رابردوو گرێبەستێكی ٢٠ ساڵەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بواری نەوت واژوو كرد.




وشە - سلێمان تاشان