ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێكسییە
ئەمساڵ 30 دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كراوە

:: AM:11:01:19/06/2017 ‌

لەسەر ئاستی دنیا ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سێكسییە، دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان دەڵێت ئەوەی تۆمار نەكراوە، ژمارە زۆرەكەی توندوتیژی نیشان دەدات.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئامارانەی بڵاو دەكرێنەوە لەسەر توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان، ئەوەیە تۆمار نەكراوە و بوونی هەیە زۆر زیاترە.

گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، توندوتیژی سێكسیش بوونی هەیە و لە چوارچێوەی ئامارەكانە و ڕەنگە زۆر زۆریش بێت، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك دابونەریت هۆكار لە تۆماركردنی سكاڵاو وەرگرتنی ماف لەلایەن ئافرەتانەوە.

گۆمەشینی دەڵێت، پێویست هەڵوەستەیەكی تەواو بكەین و بڵێین بۆچی ئەو ئامارانە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە و بۆچی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەش توندوتیژیی سێكسی.

بەگوێرەی دوایین ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی توندوتیژی ئافرەتان دراوە بە "وشە"، تێیدا هاتووە، سێ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧ لە هەموو ناوچەكانی هەرێم، ١٠ ئافرەت كوژراون و ١٤ ئافرەتیش خۆیان كوشتووە، ٧٢ حاڵەتی سووتان و ٣٧ ئافرەتیش خۆیان سووتاندووە.

هەروەها لە ئامارەكەدا هاتووە كە ٣٢٦ حاڵەتی ئەشكەنجەدان تۆمار كراون و هەزار و 848 سكاڵا و ٣٠ حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كراون.

كونسوڵخانەی ئەمەریكاش لە هەولێر لەسەر توندوتیژیی سێكسی رۆژی جیهانی بنەبڕكردنی توندوتیژی سێكسییە، لە پۆستێكدا دەڵێت، خەڵكێكی زۆر لەو هەرێمە ژیان و گوزەرانیان لەلایەن داعشەوە لە رەگەوە لە شوێنی خۆیان هەڵكێشراوە، ئێمە ئەمڕۆ ئاستی هۆشیاری بەرز دەكەینەوە لەبارەی ئەوەی كە پێویستە توندوتیژیی سێكسی پێوەندیدار بە ململانێكان بنەبڕ بكرێت و رزگاربووانی دەستی ئەو جۆرە تاوانانە بەرز بنرخێنرێن، دەستخۆشی و پاڵپشتی ئەو كەسانەش بكەین كە ژیانی خۆیان تەرخان كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سێكسی. 

كونوسڵخانەی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، تا ئێستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ملیۆنان دۆلاری دابین كردووە بۆ ئەو هەوڵانەی كە خراونەتە گەڕ لە سەر دووبارە راهێنانەوە و تواناداركرنەوە و چارەسەری پزیشكی و رێكخستنی وۆركشۆپەكان، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی توانایی كارمەندانی پیشەوەری تەندروستی لە چارەسەركردنی كارایانەی رزگاربوواندا.

ئەمڕۆ لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێكسی لەسەر ئاستی دنیا دیاری كراوە.



وشە - رامیار جەواد