رۆناڵدۆ یانەی نوێیەكەشی دیاريی كردووە
سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئیسپانی ناوی ئەو یانەیەی ئاشكرا كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی دوای جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید، ئارەزوو دەكات بۆ وەرزی داهاتوو رووی تێ بكات.
رۆناڵدۆ لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە تۆمەتباركراوە بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج لەنێوان ساڵانی 2011 تا 2014 كە بڕەكەی زیاتر لە 14 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
ئەم تۆمەتانە وایان لەو یاریزانە تەمەن 32 ساڵییە كرد هەینی رابردوو بەشێوەی لەناكاو بڕیاری جێهێشتنی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید بدا، جەختیشی كردبووەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەو بڕیارەی پەشیمان نابێتەوە.
ماڵپەڕی (دیڤنسا سەنتڕال) بڵاوی كردەوە: هەرچەندە تا ئێستا سێ چوار رۆژ لە بڕیاری جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید تێپەڕیوە، بەڵام هەر بەخێرایی هەریەك لە یانەكانی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و مانچستەر یونایتد و چێڵسی ئینگلیزی ئامادەییان پێشانداوە لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ ئیمزا بكەن.
سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە رۆناڵدۆ ئەو یانەیەی دیاری كردووە كە بۆ وەرزی داهاتوو دوای جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید، رووی تێ دەكات ئەویش یانەكەی پێشووی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە.
رۆناڵدۆ ئارەزوو دەكات دووبارە لەسەر دەستی راهێنەرە هاونیشتمانەكەی جۆزێ مۆرینۆ دەست بە یاریكردن بكاتەوە و یانەی مانچستەر یونایتد بگەڕێنێتەوە ماوەی زێڕینی رابردووی.
ماڵپەڕە مەدریدییەكە ئاشكراشی كرد كە رۆناڵدۆ بە خۆرخێ میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی گوتووە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ شاری مانچستەر و خولی نایابی ئینگلیزی دەكات، بۆیە لە كارەكانی داهاتوویدا زیاتر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەوڵ بدات و تێ بكۆشێ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم