مووسڵ بۆچی كەوت و بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی هۆكار بوون نەكرا؟

:: AM:11:48:19/06/2017 ‌

لە حوزەیرانی 2014 داعش هێرشەكانی لە عێراق بەتایبەتی لە پارێزگا زۆرینە سوننەكان دەست پێ كرد و توانی لە ماوەی تەنیا پێنج رۆژ مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات، وەك فەرماندەی پێشووی كردەوەگەلی مووسڵ رای گەیاند، بەڵام راستیی رووداوەكە و هۆكار و بەرپرسان لەو شكستە گەورەی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق چی بوو؟.

چاودێران لەبارەی ئەوەی لە مووسڵ و پارێزگا سوننەكان رووی دا دەڵێن، چەند هۆكارێكی دیار و نادیار بوون كە وایانكرد دۆخەكە لە دەست دەربچێت و داعش بێتە سەر حازری، لەوانە بێزاری خەڵك لە هەڵسوكەوتی حكوومەتی شیعەی بەغدا، بوونی گەندەڵی گەورە لەناو دامەزراوەكانی سوپا و تەناهیی عێراق، بوونی پلانێكی دەرەكی بۆ تێكدانی دۆخی عێراق و دابڕینی ناوچە سوننەكان، لەوەش گرنگتر بوونی پیلانێك لەلایەن مالیكی و شیعە بۆ دانەدەستی ئەو ناوچانە بەدەستی داعش و هەڵمژینی رقی جەماوەری و دواتر گرتنەوەی بەهێزی سەربازی، لەلایەك بۆ دەرخستنی لەرزۆكیی سوپای عێراق و لەلایەكی تر دروستكردنی هێزێكی شیعەی هاوشێوەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ باڵادەستی لە عێراق و پتەوكردنی شیعەی عێراق بەرامبەر سوننە.

كەریم نووری سەركردە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، بە"وشە"ی راگەیاند، هۆكارەكانی كەوتنی مووسڵ زۆرن، لەوانە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی و ئەوەی پێوەست بە سوپا و ئەو بەشبەشێنەی تیایدا هەیە، هۆكارەكانی دەرەكی كە بۆ وڵاتانی دنیا و ناوچەكە دەگەڕێتەوە، لەوانە ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو و ئێستەش ئەو كێشەی نێوان قەتەر و سعوودیە دەری خست كە ئەوان پاڵپشتییان لە داعش كردووە، هەروەها هۆی ناوخۆیی كە بریتییە لە جیاوازی و ناكۆكی تایفی و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و نێوان حكوومەتی مووسڵ و بەغدا، لەوانە لە نێوان ئەسیل نوجێفی و نووری مالیكی، هەروەها ئەوەی پێوەستە بە پێكهاتەی سوپای عێراق، هەروەها گۆڕەپانەكانی ئازادی.

نووری دووپاتی كردەوە كە خەڵكی مووسڵ نەیانتوانیوە جەنگی داعش بكەن و ئەو سوپایەی لەوێ بووە ئەوانی جێهێشت، بۆیە داعش توانی لە رێی ترس و تۆقینەوە پێشڕەوی بكات و سوپاش شەڕی نەكرد. نووری گوتی "پێویستە گلەیی لە ئەفسەر و سەركردەكانی سوپا بكەین لە عەبوود قەنبەر و غێدان و هەڕاوی، پێویستە ئەوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت نەك خەڵكی مووسڵ، دواتر لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ هۆی كەوتنی مووسڵ پێك هێنرا و پێویستە راپۆرتی لیژنەكە بخرێتە بەردەم گەلی عێراق، سێ ساڵ لە نەهامەتی و چوار فرقەی سەربازی تێكشكاو بایی زیاتر لە 30 ملیار دۆلار چەك و تفاقی سەربازی كەوتە دەستی داعش، بێجگە لە هەزاران قوربانی، بۆیە پێویستە لیژنەكە ئازا و بوێر بێت و هۆكار و بەرپرسان ئاشكرا بكات".

لای خۆیەوە شێخ موزاحیم ئەحمەد حوێت گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگای نەینەوا بە"وشە"ی راگەیاند، لە هۆكارەكانی كەوتنی مووسڵ پەراوێزخستنی پێكهاتەی سوننەیە لەلایەن نووری مالیكی و میلیشیاكانی كە لە ریزی هێزە تەناهییەكانی عێراق هەبوون، عەرەبی سوننە لە هەموو پارێزگاكانیان پەنایان بۆ گۆڕەپانەكانی مانگرتن و خۆپێشاندان برد، بۆیە داعش سوودی لەو ناڕەزایییانەی سوننە وەرگرت، لەوكاتەی داعش هاوكار بوو لەگەڵ مالیكی و بەم دوایییەش ئەو پێوەندییەی قەتەر و ئێران و مالیكی ئەوەیان روون كردەوە، بۆیە داعش سوودی لە عەرەبی سوننە وەرگرت بۆ هاتنە مووسڵ.

حوێت روونی كردەوە، "هۆی سەرەكی مالیكییە، چونكە ئەو فەرمانی پاشەكشەی بە سوپا و پۆلیس دا و شارەكەی رادەستی داعش كرد، داعش هاتە مووسڵ لەسەر پشتی عەرەبی سوننە و مالیكی پاشەكشەی بە سوپا و پۆلیس كرد لە شارەكەدا، ئەوەش بۆ كردنە ئامانجی عەرەبی سوننە و پێكهێنانی هێزی شیعە و سەربە ئێران كە دەست بكەن بە كوشتن و راگواستنی سوننە، بۆیە ئەوەی كە زیانی كرد عەرەبی سوننە بوو".

"بە گشتی مالیكی مەبەستی لاوازكردنی سوننە و سوپای عێراق و دروستكردنی فیتنەیەكی تایفی و هێزی تایبەتی شیعە و سەربە ئێران و كردنەوەی خاكی عێراق بەرەو سووریا بوو و لە هەموو ئەو مەبەستانەشی سەركەوتوو بوو، دواتر باسی بوونی 20 هەزار چەكداری داعشیان دەكرد كە زۆرینەیان ون بوون و بەشێك لە سەركردەكانیان چوونە ریزەكانی حەشدی شەعبی، بۆیە كارەكە ئاشكرایە و پێویستە حسێب لەگەڵ مالیكیدا بكرێت" حوێت وای گوت.  

پەرلەمانتاری عێراق موتەشەڕ سامەڕایی بۆ "وشە" گوتی، هۆكارەكانی كەوتنی مووسڵ زۆرن، لەوانە نەمانی متمانە لە نێوان حكوومەتی ناوەند و خەڵكی ناوچەكە لەسەر ئاستی سیاسەتوانەكان و حكوومەتی ناوخۆییش، هەروەها حكوومەتی پێشوو هەستا بە دامەزراندنی سەركردایەتیی كردەوەگەلی كە ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە ئەوان هێزیان لە دەرەوەی پارێزگاكە هێنا و مامەڵەی نایاسایییان لەگەڵ خەڵكەكە كرد لەوانە بەشێوازێكی تایفی و وایان لە خەڵكەكە كرد بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێت هەر كەسێك بێت.

زیاتر گوتی، ئەو مامەڵە نامرۆیییە وای كرد متمانە لە نێوان هێزە تەناهییەكان و خەڵكی مووسڵدا نەمێنێت، جیا لەوە زۆرینەی سەركردە تەناهییەكان لە دەرەوەی مووسڵ بوون و شارەزایییان نەبوو، سیاسەتی دەوڵەت بە گشتی سەركەوتوو نەبوو، چەندان راپۆرت هەبوون لەبارەی دەربازكردنی سەرانی گرووپە توندڕۆكان لە گرتووخانەكان و پاڵپشتیكردنیان لە دەرەوەی وڵات.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، داعش لە سووریاوە هاتە مووسڵ، شتێكی شاراوە نەبوو، بێجگە لەو راستییە گەورە و ترسناكەی كە سوپا چەكەكانی رادەست كرد و نەجەنگا، بۆیە پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێك هێنا و لە راپۆرتی لیژنەكەدا ناوی گەورە فەرماندە و بەرپرس دیاری كراوە كە تۆمەتی كەمتەرخەمی و تێوەگلان و خیانەتیان دراوەتە پاڵ، بەڵام راپۆرتەكە بە تەواوەتی نەخوێنرایەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی سوننە، هۆی فەرامۆشكردنی راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەی لە كەوتنی مووسڵ بۆ بوونی ناوی چەندان بەرپرس و كەسایەتیی گەورە تیایدا گەڕاندەوە، كە بۆ نەخوێندنەوەی تەواوی راپۆرتەكە، پاڵەپەستۆ خراوەتە سەر پەرلەمانتاران و ئاشكراكردنی ناوەكان، بۆیە لەژێر هەڕەشە راپۆرتەكە بەتەواوەتی نەخوێنرایەوە.

سامەڕایی روونی كردەوە، ئەگەر سەیری بەدوای یەكداهاتنی رووداوەكانی مووسڵ بكەین لە وەرگرتنەوەی چەك لە خەڵكەكەی و فەرماندان بە پاشەكشەی سوپا و ئازادكردنی تاوانكار و تیرۆریستان و تەنانەت تاوانی سەربازگەی سپایكەریش، هەموو ئەوانە وا دەكەن بگوترێت پلانێكی پێشوەختە هەیە، بۆیە ئەجیندای دەرەكی هەیە بۆ نەهێشتنی سوپای عێراق و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق، بێجگە لە تێوەگلانی ناوەخۆیی لەگەڵ ئەو پلانانە و ئازادكردنی تیرۆریستانیش لە گرتووخانەكان باشترین بەڵگە بوو، دووپاتی كردەوە كە ناو و هۆی كەوتنی مووسڵ دیاری كراوە و تەنیا ئەوەندە پێویستە راپۆرتەكە بكرێتەوە و رابگەیەنرێت. 
         
سامەڕایی دووپاتی كردەوە كە هۆی نەجەنگانی سوپا هەروا نەبوو، بەڵكو بۆ فەرمانێك دەگەڕێتەوە كە پاشەكشەی پێكردون، چونكە لەو حاڵەتە چەك دادەنێت و پاشەكشە دەكات، ئەگەرنا چۆن چەند فیرقەیەكی سەربازیی چەكدار لە بەرامبەر چەند سەت چەكدارێك پاشەكشە دەكەن.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل