بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک ڕای دەگەیەنێ کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ ھەر کە گەنمی وەرگرت لە ھەفتەی یەکەمدا پارەی جوتیاران بدات، بەڵام لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەغدا چەندان مەرجی قورسی بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران داناوە.
مەھدی موبارەک بەرێوەری کشتوکاڵی کەرکووک بە "وشە"ی راگەیاند، لە 20ی ئەم مانگەوە، دەستکراوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و رۆژانە چوار بۆ پێنج ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت و تا ئێسته نزیکەی 108 ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوه، جگە لەوەش، کۆمپانیای "بابولنەھرەین" گەنم بۆ بنەتۆو وەردەگرێت، ئەوانیش تا ئێسته زیاتر لە 15 ھەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە، بۆیە ئەمڕۆ دەبێتە زیاتر لە 125 ھەزار تۆن گەنم و پرۆسەی وەرگرتنیش بەردەوام دەبێت.
زیاتر گوتی، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ ھەر کە گەنمی وەرگرت لە ھەفتەی یەکەمدا پارەی جوتیاران بدات، ئێسته لە کەرکووک كاروانی یەکەم ھاتووە کە 12 ملیار و 500 ملیۆن دینارە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا، بڕێکی دیکەش بگاتە دەستی ئێمە و ھەر کە دەگاتە بەسەر جوتیارانی دابەش دەکەین.
موبارەک ڕوونیشی کردەوە، ئێمە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ زیاتر لە 240 ھەزار تۆن گەنم بەرھەمی جوتیارانی کەرکوک بێت و چەند گەنم ھەبێت ھەر ھەمووی وەردەگرین.
تۆنی گەنمی پلە یەک ئەمساڵ بە 560 ھەزار دینار و پلەی دوو 480 ھەزار دینار و پلە سێش بە 420 ھەزار دینار وەردەگیرێت.
لای خۆشیەوە زیاد حوسێن بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، وەرگرتنی گەنمی لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و بڕێکی باش وەرگیراوە، بەڵام کێشەیەکمان ھەیە، ئەویش ئەوەیە، لە وەرگرتنی گەنم بەغدا چەندان رێنمایی توندی داناوە، بەمەش رێژەیەکی زۆری گەنم رەتکراوەتەوە و وەرنەگیرا، چونکە تەنیا لە دھۆک لە سایلۆیی فەیدیە 23% ئەو گەنمەی ڕەوانەی ئەوێ کراوە بە ھۆیی رێنمایەکانەوە رەت کراوەتەوە.
زیاد حوسێن ههروهها گوتی، ئەگەر بەم شێوەیە بێت، رەنگە نەتواندرێت کۆی گشتيی ئەو رێژەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان دیاری کراوە کە 442 ھەزار تۆن گەنمە وەربگیرێت، چونکە رێژەیەکی زۆر رەت دەکرێتەوە.
ئهوهشی خسته ڕوو، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کە گەنم لە جوتیاران وەرگیرێت ھەفتەیەک دواتر پارەی گەنمەکە رەوانە بکەن، بەڵام تا ئێسته ھیچ برە پارەیەک بۆ كوردستان رەوانە نەکراوە.
ههولێر/ بڵند ئیبراھیم