بۆ هەر خێزانێکی شەهیدان یەک ملیۆن دینار دابەش کرا

:: PM:03:15:19/06/2017 ‌


لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی خانەوادەی شەهیدان، هاوکاری مادی پێشکەشی هەزار و  410 خێزانی شەهیدان کران کە 344 خێزانیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی حوزەیران، دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی ئێوارە خوانێک و مەراسیمێکی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە سلێمانی بەبەشداری کەسوکاری شەهیدان و نوێنەری کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەبرد، لە مەراسیمەکەدا هاوکاریکردنی بڕی یه‌ك ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر خێزانێکی شەهید لەلایەن سیروان بارزانی و لە رێگەی "دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی"یەوە راگەیاند.

محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و فەرماندەی پێشمەرگە کە وەک باوکی شەهیدێک لە شەهیدانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد. تێیدا گوتی: دەمەوێ سوپاسی دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی بکەم بۆ کارە خێرخوازییەکانی بۆ کۆکردنەوەی ئێمە و خێزانی شەهیدان لەم ئێوارەیەدا و ئەمە لە راستیدا خزمەتێکی گەورەی گەل و نیشتمان و وڵاتە، هیوادارین ئەم ئێوارەیە زیاتر لە گیروگرفتی کەسوکاری شەهیدەکان بگاتە هەموو لایەک و هەموو لایەکیش وەکوو دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی بیربکەنەوە کە خزمەتێکی زۆری کردووە لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەتی بۆ کەسوکاری شەهیدان''.

بەهائەدین محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان لە پارێزگای سلێمانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، سەبارەت بە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی: سوپاسی دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی دەکەم کە لەگەڵ کەسوکاری سەربەرزی شەهیداندا کۆی کردووینەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە هەم بەربانگێک بکەینەوە و هەمیش ئازارەکانیان لەگەڵدا بەش بکەین.

لە کۆتای وتارەکاندا سۆران خەلەف بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی وردەکاری پرۆژەکەی بۆ بەشداربووان روونکردەوە و وتی: بەبێ جیاوازی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرتاسەری کوردستاندا هاوکاری دەگەیەنێتە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و 1410 خێزان هاوکاری دەکات.

رۆژانی داهاتووش لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکووک هاوکاری بۆ خێزانە شەهیدەکانی ئەو پارێزگایانە دابین دەکرێت.








































وشە - موحسین شابان