نرخی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو بەرز دەبێتەوە

:: AM:11:00:20/06/2017 ‌

بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزان، نرخی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو بەرز دەبێتەوە و فرۆشیارێكی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەش دەڵێت، بەنزیكەی هەزار دۆلار نرخەكەی بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی حوزەیران، فەتحوڵا وەهاب كە پیشەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە پێشانگەكانی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ئێستەدا كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو نرخی بەرز بووەتەوە و جموجۆڵێكی باشی بازاڕ هەیە.

ئەم كاسبكارە دەڵێت، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك لە نێوان 500 بۆ هەزار دۆلار نرخ جیاوازی دروست بووە و هۆكارەكەشی هەر هاووڵاتییانە، چونكە بەتێكڕای ڕوو لە پێشانگەكان دەكەن و بۆ جەژن دەیانەوێت ئۆتۆمبێلیان هەبێت.

زانا عومەر خاوەنی پێشانگەی "برۆدكار"  لەبارەی نرخی ئۆتۆمبێلی نوێ‌ بۆ "وشە" دەڵێت، نرخی ئۆتۆمبێلی نوێ‌ دیاری كراوە و ناگۆڕێت لە بۆنە و یادەكان، بەڵكو ئێمە داشكانی بۆ دەكەین كاتێك بۆنەیەك دێتە پێش.

خاوەنی پێشانگەی "برۆدكار" دەڵێت، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان داشكانی %18ی نرخی قازانجمان كردووە ئەمەش ئۆفەرێكی باشە بۆ كڕیاران، چونكە ئۆتۆمبێلی مۆدیڵ نوێ‌ نرخەكەی نەگۆڕە، بەرزبوونەوەشی پەیوەستە بە نرخی دۆلار لە دەرەوە یان پارەی ئەو وڵاتە بەرامبەر دۆلار.

لەكاتی بۆنەكاندا هاووڵاتییان بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێل، بەشێوەیەكی فراوان ڕوو لە بازاڕەكانی كڕین و فرۆشتن دەكەن و جموجۆڵی كڕین و فرۆشتن زیاد دەبێت.



وشە - رامیار جەواد