بەنزینی ژەهراوی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ دەكاتەوە

:: AM:11:29:20/06/2017 ‌

بەمەبەستی ڕێگریكردن لە هاتنی تانكەرە بەنزینی ژەهراوی بۆ ناو شاری سلێمانی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە كۆ دەبێتەوە، سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت بەدوای ڕێگەچارەیەك دەگەڕێین.
 
ئەمڕۆ سێشەم 20ی حوزەیران، مەهدی‌ مەحموود سكرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا دوو تەوەر بۆ گفتوگۆكردن ئامادە كراون، یەكێكیان چۆنیەتیی‌ هاتنە ناوەوەی‌ تانكەرە بەنزینە ژەهراوییەكانە و هەوڵ دەدەن بڕیارێك دەربكەن كە لەمەودوا بەپێی‌ ستانداری‌ جیهانی‌ و بە مەرج سووتەمەنی‌ بێتە ناو پارێزگاكە.

سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تەوەری‌ دووەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە  باسكردنی‌ كێشەی‌ خزمەتگوزاری‌ كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون و كەموكوڕییەكانی كە لە‌ گەرمیان و دەربەندیخان و هەڵەبجەی‌ تازە دروست كراون لەبارەی هۆكاری تەواو نەبوونی ئەم پڕۆژانە دەكۆڵینەوە.

لەماوەی ڕابردوو لە مەرزی باشماخ، نزیكەی 40 تانكەر بەنزینی ئێرانی بە كوالێتییەكی زۆر خراپ لەلایەن چەند بازرگانێك هێنران بۆ شاری سلێمانی كە بە بەنزینی ژەهراوی ناوی دەركردووە و هۆكاری پیسبوونی ژینگە و بڵاوكردنەوەی بۆنێكی ناخۆش بوو.



وشە - رامیار جەواد