نه‌خۆشییه‌ك 167 هه‌زار یه‌مه‌نی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

:: PM:12:00:20/06/2017 ‌

په‌تای كۆلێرا جارێكی تر به‌رۆكی دنیای گرتووه‌، به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندروستیش، ته‌نیا له‌ یه‌مه‌ن تووشبووان به‌و په‌تایه‌ گەیشتووەتە زیاتر له‌ 166 هه‌زار كەس.

لە راپۆرتێكدا كە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، پەتای كۆلێرا لە شارەكانی یەمەن بڵاو بووەتەوە و تا ئێسته‌ 166 هەزار و 978 حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە تۆمار كراون و لەو ژمارەیەش هەزار و 146 كه‌س گیانیان لەدەست داوە.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەشی خستووەتە روو كە لە كۆی 22 پارێزگا لە 20 پارێزگای یەمەن ئەو حاڵەتانەی پەتای كۆلێرا تۆمار كراون كە زۆرترینان لە پارێزگای حجە باكووری رۆژئاوای یەمەن بوون بەوەی 195 حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو پارێزگایە تۆمار كراون.

لە 18ی ئەم مانگە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندبوو كە تاوەكو ئێستا، هەزارو 100 كەس بە پەتایە كۆلێرا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە و 159 هەزاری دیكەش تووشبوون بەو پەتایە تۆمار كراوە.

پێشتر رێكخراوی پزیشكانی بێ‌ سنوور رایگەیاندبوو كە خراپی دۆخی ژینگە، نەبوونی ئاوی پاك و كەموكوڕیی لە خزمەتگوازری تەندروستی، ھۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆلێرایە لە یەمەن.

سەرچاوە/ ئەنادۆڵ


وشە - وشه‌