لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی شەموو بۆ بینینی مانگ و دیاری كردنی یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان كۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 18ی حوزەیران، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەموو لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان بۆ بینینی مانگ و دیاری كردنی یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان كۆدەبێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی جەژن، لیژنە بڕیاری لەسەر دەدات، ئەمەش دوای بینینی مانگە لە ئاسمان، هەروەها لە ئەگەری بینینی مانگ لە شەموو ئەوا ڕۆژی یەكشەم دەكرێتە جەژن و دەنا ڕۆژی یەكشەم بۆ بینینی مانگ كۆبوونەوە دەكرێتەوە و ڕۆژی دووشەم دەكرێتە جەژن.
ساڵانە بۆ دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی جەژنی رەمەزان لەنێوان شیعە و سوونە كێشە و ململانێیەكی زۆر هەیە بەشێوەیەك ئەمساڵ سوونە لە 27 مانگی ڕابردوو كردی بە ڕمەزان كەچی شیعە لەڕۆژی 28ی مانگ كردی بە رەمەزان لەدیاری كردنی یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بەیەكەوە كەمجار دەیكەن بە جەژن.