مەسروور بارزانی: ریفراندۆم دەستوری و ئاشتیانەیه‌

:: PM:04:46:20/06/2017 ‌

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕای گه‌یاند، بۆ پرسی ریفراندۆم رێکاری دەستوووری گیراوەتە بەر، چونکە بە پێێ دەستوری عێراق پێگیری نەکردنی بەغدا بە دەستوور ئەم دەرگایەی بۆ گەلەکەمان واڵا کردووە.


ئەمرۆ سێشه‌م، مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ جان کۆبیس نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان كۆبوونه‌وه‌ و له‌ دیداره‌كه‌دا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و لە پێوەندی بە ویستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەوان پاڵپشتی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی کارای نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن لە هەر دوو قۆناغی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاواتی خواست، کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن. 


لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە ریفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراسیانەیە بۆ زانینی ویستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و لە ئێسته‌ و ئایندەشدا کوردستان بەشێک دەبێت لە فاکتەری چارەسەریی ئاشتیانەی کێشەکانی دەڤەرەکە و بۆ پرسی ریفراندۆمیش رێکاری دەستوووری گیراوەتە بەر، چونکە بە پێێ دەستوری عێراق پێگیری نەکردنی بەغدا بە دەستوور ئەم دەرگایەی بۆ گەلەکەمان واڵا کردووە کە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات.

مه‌سروور بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، وێڕای ئەوە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین لە دیالۆگێکی ئاشتیانە و بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە رێز لە خواست و ویستی هاووڵاتییان بگیرێت.


وشە - وشه‌