ئەڵمانیا پاره‌ بۆ كوردستان ده‌نێرێت

:: AM:08:35:21/06/2017 ‌

كونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەڵمانیا بڕی 28 ملیۆن یۆرۆی تر بە هەرێمی كوردستان و عێراق دەبەخشێ، تا كۆمەكی هاووڵاتییانی ناوچە تازە ڕزگاركراوەكانی پێ بكرێ كە ناوچەكانیان لە تیرۆریستان پاك كراوەتەوە. 

لە ڕاگەیەنراوێكی كونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر هاتووە، كە حكوومەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لە هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان، بڕیارە بڕی 28 ملیۆن یۆرۆی تریش ڕێكخراوی دەبلیو ئێف پی ببەخشێ تا هاوكاری ڕاستەوخۆ بگەیەنن بە هاووڵاتییانی ناوچە ڕزگاركراوەكانی ژێر دەستی داعش.

ئاماژەی داوە، ئەو پارەیە بۆ تەواوی ئەو ناوچانە خەرج دەكرێ كە كارەسات و كێشەی مرۆیی تێدا دروست بووە و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان و ئاو و كەلوپەلی پزیشكی و منداڵان بە ئاوارەكان دەدرێ.

ئەڵمانیا یەكێكە لە هێزە كاریگەرەكانی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، تا ئێستە 92 ملیۆن یۆرۆ هاوكاری سەربازی و مرۆیی و دارایی پێشكەشی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق كردووە، بە گشتی لە تەواوی عێراق 130 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە، جگەلەوەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكات.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د