وادەی دادگاییكردنی رۆناڵدۆ دیاری كرا

:: AM:10:12:21/06/2017 ‌

دادگای ئیسپانیا رۆژی 31ی مانگی تەمووزی داهاتووی دیاری كرد وەك یەكەم رۆژی سەیركردنی ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید كراون.

هەفتەی رابردوو دادگای ئیسپانیا بەفەرمی رۆناڵدۆی تاوانبار كرد بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حكوومەت لەنێوان ساڵانی 2011 تا 2014 كە بڕەكەی بە زیاتر لە 14 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێ.

ئەم بڕیارەی دادگا وای لە رۆناڵدۆ كرد بڕیاری جێهێشتنی یەكجاری خولی تۆپی پێی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید بدات.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە: ئەو بەڵگانەی لای داواكاری گشتی ئیسپانیان بەهێز و دروستن و بەمەش رەنگە رۆناڵدۆ تۆمەتەكانی لەسەر بسەپێنرێ و سزایەكی قورسیش وەربگرێ كە قورسترینیان زیندانیكردنە بۆ ماوەی 7 ساڵ.

جێی باسە رۆناڵدۆ ئێستا لە وڵاتی رووسیایە و لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال یارییەكانی جامی كیشوەرەكان ئەنجام دەدات كە بڕیارە رۆژی 2ی مانگی داهاتوو بەكۆتا بێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م