ئایا ریال مەدرید بەڕاستی وازی لە دی خیا هێناوە؟

:: AM:10:25:21/06/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی وازی لە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی هێناوە و بەڵكو ئێستا چاوی بڕیوەتە گۆڵپارێزێكی تر.

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی (ئۆندا شیرۆ)ی ئیسپانی جەختی كردەوە كە لەمەودوا هیچ كارێكی تر بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دی خیا ناكەن.

پێرێز رایگەیاند: پێش دووساڵ هەوڵماندا گرێبەست لەگەڵ دی خیا بكەین، بەڵام تووشی كێشە بووین و و تا ئێستاش دۆخەكە بەمشێوەیە نەبووەتەوە كە دووبارە هەوڵ بدەینەوە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید زیاتر گوتی: یاریزانان و دەستەی راهێنەران و منیش بە ئاستی ناڤاس سەرسامین، كاتێكیش هەوڵی گرێبەستكردنمان لەگەڵ دی خیا دابوو وەك ئەوەی ئێستا ناڤاسمان نەناسیبوو.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ماوەیەكە باس لەوە دەكەن كە یانەی ریال مەدرید دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بكات.

لەمبارەیەوە پێرێز گوتی: هەموو جیهان ئێستا پێیوایە كە دۆنارۆما گۆڵپارێزێكی بەتوانایە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا شوێنی جیانلویجی بوفۆن دەگرێتەوە لە ریزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە كۆتاییدا دانی بەوەدانا كە بە ئاستی دۆنارۆما سەرسامن و جەختیشی كردەوە كە یەكێكە لە ئامانجەكانیان بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵدا بكەن، هیواشی خواست كارەكانی گرێبەستەكە بە باشی بەڕێوە بچن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م