گەنجینەیەکی مێژوویی نازییەکان دۆزرایەوە

:: AM:10:58:21/06/2017 ‌

 

پۆلیسی ئەرجەنتین لە دەورووبەری بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین گەنجینەیەکی مێژوویی تایبەت بە نازییەکانی ئەڵمانیای دۆزییەوە و دەگوترێت بەشێک لەو کەلوپەلانەی دۆزراونەتەوە هیی ئادۆلف هیتلەرن.

 

ئەو دۆزینەوەیە بە گەورەترین دۆزینەوەی کەلوپەلی مێژوویی لەو وڵاتە هەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا نازییەکان شکستیان هێنا بەشێکی زۆر لە فەرماندە و رێبەرانیان بەرەو ئەرجەنتین رایان کرد و بۆینس ئایرێسیان کردە پەناگەیەک بۆ خۆیان.

 

بە گوێرەی یورۆنیوز لەو کەلوپەلانەی دۆزراونەتەوە لە دەمانچەوە بگرە تا دەگاتە، جلوبەرگ، کەلوپەلی جوانکاری سەربازی، چەقۆ، پەیکەری هیتلەر و چەندین لۆگۆی تایبەت بە نازییەکان بەرچاو دەکەوێت.

 

ماوەیەک لەمەوبەریش پیاوێکی بەساڵاچوو کە تەمەنی ١٢٨ ساڵە  لە شاری سالتای وڵاتی ئەرجەنتین گوتی ئەو ئادۆلف هیتلەرە و دوای ٧٠ ساڵ لە خۆشاردنەوە ناوی خۆی ئاشکرا کردووە.

 

لە گفتوگۆ لەگەڵ رۆژنامەی "ئال پاتریۆت" ئەرجەنتینییەکی بە رەگەز ئەڵمانی باسی لەوە کردووە ئەو لە ساڵی ١٩٤٥ بە پاسپۆرتێکی ساختە بە ناوی هێرمەن گونتربرگ لە ئەڵمانیاوە بەرەو ئەرجەنتین کۆچی کردووە.

 

ئەو دەڵێت رێبەری نازییەکانی ئەڵمانیایە و هەر ئەو کات بە نهێنی وڵاتی بەرەو ئەرجەنتین جێهێشتووە.  بۆ خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە سەردانی ئەم لینکە بکەن.


 



وشە - سلێمان تاشان