گواردیۆلا دەیەوێ ئینێستا بباتە مانچستەر سیتی

:: AM:10:59:21/06/2017 ‌

پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی هەوڵەكانی دەست پێ كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەندریس ئینێستای ئەستێرە و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

گومان هەیە ئینێستای تەمەن 33 ساڵ بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا بمێنێتەوە هەرچەندە یانەكە دەستەوارەیەكی پێشكەش كردووە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر مانەوە و بڕیاری كۆتایی دەرنەبڕیوە.

ئینێستا وەرزی رابردوو لە بەشێكی زۆری یارییەكاندا بەهۆی پێكانەوە لە پێكهاتەی سەرەكی لویس ئێنریكی دوور خرابووەوە، هەروەها راهێنەرەكە لە بەشێكی یارییەكانیشدا پشووی پێ دەدا بەمەبەستی ئامادەبوونی تەواو بۆ یارییە گەورەكان.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، تا ئێستاش ئینێستا بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی یانەی بەرشەلۆنە دادەنرێ مەگەر تەنیا لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەپێشەوەی ئەوەوە بێت.

گرێبەستەكەی ئێستای ئینێستا بەفەرمی لە هاوینی ساڵی داهاتوو بەكۆتا دێت، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیش لەسەر داوای راهێنەرەكەی گواردیۆلا ئارەزووی هەیە لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای یاریزاناندا گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بكات و سوود لە شارەزایی و تواناكانی وەربگرێ بۆ ئامانجەكانی وەرزی داهاتوو كە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م