37 ساڵە ئەم ئۆتۆمبێلە كۆنە لێ دەخۆڕێت و لەگەڵ مۆنیكا نایگۆڕێتەوە

:: AM:11:58:21/06/2017 ‌

هاووڵاتییەكی شارۆكەی ئامێدی /سەربە پارێزگای دهۆك/ ماوەی 37 ساڵە ئۆتۆمبێلێكی كۆن لە جۆری "بەڕازیلی" لێ دەخۆڕێت وەكو خۆی دەڵێ "لەگەڵ مونیكا ناگۆڕمەوە".

خەسرەو ئیبراهیم موستەفا ناسراو بە خەسرەو ئامێدی خاوەنی بەڕازیسلییەكە، بە"وشە"ی گوت "لە ساڵی 1980 من یەكەم كەس بووم لە هەموو سنووری پارێزگای دهۆك ئۆتۆمبێلم كڕی، لەو رۆژەوە تا ئێستە من ئەم ئۆتۆمبێلە لێ دەخۆڕم و زور دڵخوش و ئارامم پێی".

ئامێدی ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە ئەم بەڕازیلییە مودێڵی 1985 و بۆ ئەو كات ئۆتۆمبێلێكی زۆر شیاو و پێشكەوتوو بوو، چونكە خێرایی زۆر بوو و هەروەها بەرگەی زۆر دەگرت و دژە تێكچوون و لەكاركەوتن بوو.

خەسرەو یادەوەری زۆری لەگەڵ بەڕازیلییەكەی هەیە و ئاماژە بەوە دەدا "زۆر بیرهاتن و خۆشیم لەگەڵ ئەم ئۆتۆمبێلە هەیە لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەك نایفروشم تەنانەت ئەگەر مۆنیكا /لاندكرۆزەر/ و چەند دەفتەرێك دۆلارم بدەنێ نایدەم، چونكە لە ژیاندا هەموو شتێك پارە نیە و دڵمان بەچی خۆشە دەبێت كار بۆ بەدەستهێنانی ئەوە بكەین".

ئەو پیاوە خۆی ساڵی 1961 لە دایكبووە و خێزاندارە و چەند منداڵێكی هەیە، بەگوتەی خۆی، تا پولی شەشەمی سەرەتایی خوێندوە و ئێستە فەرمانبەرە و لە گەنجینەی ئامێدی كار دەكات. روونی كردەوە "بێجگە لە گوڕینی مەكینەی ئەو ئۆتۆمبێلە هیچ گۆڕانكارییەكی ترم تیادا نەكردووە، من تاكە شوفێری ئامێدی و دەوروبەرم كە بەهیچ شێوەیەك ئۆتۆمبێل نابەمە فیتەر و هەر كێشەیەكی تێ بكەوێ خۆم چاكی دەكەمەوە".

"ئێستە لە هەموو سنووری شارۆكەی ئامێدی تەنیا خۆم ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە بەكار دێنم، واتە من یەكەم كەس بووم بۆ كڕینی ئەم جۆر ئۆتۆمبێلە و دواین كەسیش دەبم كە هێشتا ئەو ئۆتۆمبێلە بەكار بێنێت" خەسرەو ئامێدی وای گوت.

ئامێدی /60كم رۆژهەڵاتی دهۆك/ ناسراوە بە پایتەخی بادینان و شوێنێكی بەرز و گەشتیارییە و هەزار و 400 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بە یەكێك لە 30 شارە جوانەكانی دنیا ئەژمار دەكرێت. ئامێدی لە شەش شارەدێ و نێزیكەی 250 گوند پێك دێت و ژمارەی دانیشتوانی سەروی 75 هەزار كەسە.

ئامێدی ، نەوزاد هلۆری









وشە - تایبه‌ت