زاخۆ بە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی شووتی دوو پارێزگا دابین دەکات

:: PM:01:24:21/06/2017 ‌

 

لە سنووری شارۆكەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك بە سیستەمێكی زۆر پێشكەوتوو و لەژێر چاودێری ئەندازیارانی تایبەتمەند پرۆژەیەكی گەورەی شووتی چێنراوە كە بەپێی قسەی خاوەنی پرۆژەكە ، توانای دابینكردنی شووتی بۆ هەر دوو پارێزگای دهۆك و هەولێری هەیە.

 

عەلی عومەر هەسنی خاوەنی پرۆژەی ستار كوسی شووتی لە شارۆكەی زاخۆ بۆ "وشە" گوتی بۆ یەكەم جارە لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە شووتی دەچێنرێت.

 

ئەو دەڵێت قۆناغ بە قۆناغ بەرهەمەکانیان دەچێنن، لەنێوان هەر قوناغێك دا چەند رۆژێك هەیە بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر نەمانی شووتی لەنێو بازاڕ نەكات ، هاوكات شووتییەكانیش نەفەوتێن. سیستەمەکە لەژێر چاودێری ستافێكی تایبەتمەندی ئەندازیاری كشتوكاڵی نێوخۆ و بیانیدایە"

 

پرۆژەكە پێكدێت لە چاندنی 700 دونم زەوی بە شووتی كە توانای دابینكردنی شووتی بۆ هەر دوو پارێزگای دهۆك و هەولێری هەیە، ئەو پرۆژەیە بەپێی خواست و پێداویستی بازاڕەكانی ئەو هەر دوو پارێزگایە و توانایان هەیە شووتی زیاتر بەرهەم بهێنن.

 

بە گوتەی خاوەنی پڕۆژەکە كێشی شووتی لەو پرۆژەیە لە نێوان پێنج كیلو بۆ 18 كیلو دەبێت، نرخی كیلۆی هەر شووتیەكیش لەو پرۆژەیە لەنێوان 200 بۆ 250 دینار بە کۆ دەفرۆشێت.

 

عەلی عومەر هەسنی راشیگەیاند كە پرۆژەكە لەلایەن كومپانیای گات گیدای توركی دروست كراوە و ئەو خاكەی لە زاخۆ هەیە زۆر لەبارە بۆ چاندنی هەموو جورێكی دەرامەت بە تایبەتی خاكی فیشخاپوور. "چەندین تاقیكردنەوە لەسەر خاکەکە كراوە پێش ئەوەی دەست بە چاندنی شووتی بكرێت لەو كێڵگانە، بێجگە لە شووتی هاوكات گوندۆرە، تەماتە، خەیار، باینجانی رەشیشمان چاندووە."

 

لەلایەكی ترەوە ئەندازیار ستار خورشید راوێژكاری كشتوكاڵ لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی، گوت "ئێمە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری تیمێكی ئەندازیاری راوێژكاری لە نزیكەوە سەردانی ئەو پرۆژەیە دەكەین بۆ ئەوەی بزانن پرۆژەكە چۆن بەڕێوەدەچێت، چونكە پڕۆژەكە یەكەم جارە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر سەركەوتن بەدەست بێنێت ئەوا لە شوێنەكانی تر دووبارەی دەكەنەوە.

 

ئەو ئەندازیارە بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە بەرهەمە خۆماڵییەكان بدات و هەر كە بەرهەمە خۆماڵییەكان هاتنە بەرهەم ئەوا رێگە نەدات بۆ ئەوەی بەرهەمی بیانی هاوردە بكرێن، یان باجێكی گرانی بخاتە سەر  بۆ ئەوەی زیان بە جووتیاری نێوخۆ نەگەیەنێت و لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن.

 

زاخۆ / نەوزاد هلۆری

 







وشە - سلێمان تاشان