هودا خەلیل: ئافرەت دەبێ‌ خۆی داكۆكی لە مافی خۆی بكات

:: PM:12:22:29/10/2016 ‌

بێژەر و ڕاگەیاندكار هودا خەلیل كە كچێكی بوێر و خوێن شیرینە و خاوەن كەسایەتییەكی جەماوەرییە. بە سادەیی و ناسكی خۆی هەمیشە خەندە لە لێوی دەبارێت، بێژەرێكی زیرەك و بە توانایە. زیاتر ئاشنابوون بە نێو ژیانی هودا خەلیل، "وشە" لەم دیمانەیەدا چەند پرسیارێكی رووبەڕوو كردەوە.

* وەك كچێك كە لە بواری ڕاگەیاندن كار دەكەیت، بۆ گەیشتن بە خەون و ئارەزووەكانت بێگومان زەحمەتی زۆرت بینیوە، ئایا ئەوانە قوربانی ناوێت كە بتەوێ كەسێكی سەركەوتووت لێ دەربچێت؟
قوربانی زۆری دەوێت، بەتایبەت ئەگەر لە بواری راگەیاندن بیت. بە گشتی رێگەكانی ژیان قورسن و پێویستی بە قوربانیدان و هەوڵ و كۆشش و شەونخونی هەیە، منیش هەموو ئەم رێگە سەختانەم بڕیوە، رێگەكان زۆرن، بەڵام ئەوەی گرنگە توانیومە هودا بم ئەو هودایەی خۆم دەمەوێت. حەز و خولیا لە هەر مرۆڤێك بوونی هەبێت دەبێت بگاتە ئامانج، ئەوەی لە هەوڵدان و كۆشش بەردەوام بێت چرۆی ئاواتەكانی پێ دەگات. من بۆ گەیشتن بەو خەونە منداڵییەم كە كاری میدیایی بوو، گەلێك ناخۆشی و نەهامەتیم چەشتووە، بەڵام هەر بەردەوام بووم چونكە پێم وایە دەتوانم لەو بوارەوە خزمەتی كۆمەڵگە و گەنج بكەم.

* ئەوە چییە وای كردووە وا بە قووڵی بیر لە راگەیاندن بكەیتەوە؟ 
فەلسەفەی راگەیاندن راستی و دروستی گەیاندن و سەرچاوەی باڵایە بۆ بوون بە مینبەری راستەقینەی دەنگی خەڵك .ئەزموونگەری مێژوویەكی تایبەتی لە ڕەوتی ڕاگەیاندنی ئێمەدا هەیە، لە كۆنیشدا بە دیدێكی كارا رۆڵی خۆی دەگێڕا، سەرەتا و قۆناغەكان و دروشمەكانی ڕاگەیاندن لای ئێمە هەر جارێك بەشێوەیەك دەگوزەرێت، میدیا لە كوردستان بۆ چەند بەشێك پۆلێن كراوە، هەڵبەتە ئەمەش وا دەكات هەواڵی راست و راگەیاندن شێواو و گوماناوی بێت و نەبێتە جێی متمانەی خەڵك.

من دەتوانم ئەوە بڵێم چەندان رێڕەوی جیاجیا گیراونەتە بەر لە راگەیاندنی كوردیدا، هەریەكە و لە بەرژەوەندی سیاسیی حزبەكەی خۆیدا هەنگاو دەنێ‌ و راگەیاندنی بە ناو سەربەخۆیش لەلایەكی تر كە هەر هاواریەتی و ئەڵێ‌ خورام، بەڵام لە كۆتادا هەوڵدان هەیە و بەدی دەكرێت بۆ گۆڕانكاری و پێشوەچوونی ئەم رەوتە. تایبەتمەندی جووڵانەوەكانی راگەیاندن بوونە بە راگەیاندنێكی كارا كە لە بەرژەوەندی گەل و نیشتماندا درێژە بەخۆی بدات و ئاسایشی نەتەوەیی وڵات بپارێزێت، نەك ببێتە سەرچاوەی كێشە و دروستكردنی دووبەرەكی، ئیتر لەمە زیاتر هیچی تر بەدی ناكەم.
 
* ئایا تا چەند توانیوتە ئەركی سەرشانت وەك راگەیاندنكارێكی كچ جێبەجێ‌ بكەیت بۆ ئەوەی كۆمەڵگە وشیار بكەیتەوە؟
لە بواری كارەكەمدا ئەوەندەی توانیومە بیكەم كردوومە، من رێگە بەخۆم نادەم بڵێم خەڵك فێر دەكەم یان وشیار دەكەمەوە، چونكە خەڵكی كوردستان خەڵكێكی وشیار و راستگۆ و نوێگەرە، بۆیە لە ئێمە باشتر دەزانن چی باشە و چی هەڵەیە، بەڵام دەبێت بەهەموومان لە خزمەت نەوەی دواڕۆژی ئەم میللەتەدا بین.

* پێوەندیی نێوان ڕاگەیاندن و كولتوور لە چیدا دەبینێت؟
دواجار دەبێت لە هەموو نوێگەرییەكدا لایەنی كولتوور لەبەرچاو بگیرێت.

* ئاشكرایە هەندێك راگەیاندنكاری ئافرەت بەردەوام باس لە بوونی كێشە و بەربەست دەكەن لە كارەكانیاندا، ئایا ئەو فاكتەرانە چین كە لەمپەرن لە بەردەم ڕۆڵی ژن لە ڕاگەیاندنی كوردیدا؟
ئەگەر ئافرەتێك بیەوێت كار بكات، دەتوانێ‌ لە ماڵی خۆیەوە كار بكات و بۆچوونی خۆی بگەیەنێت، ئەگەر مەبەستی كاركردن بێت .بۆچی راگەیاندن داكۆكی لە مافی ئافرەت بكات؟ ئافرەت دەبێ‌ خۆی داكۆكی لە مافی خۆی بكات، بەڵام راگەیاندن دەتوانم بڵێم تا ئاستێك كەمتەرخەم بووە لە گەیاندنی دەنگی ئافرەت.

هەولێر-هەورین و ئەڤین 










وشە - تایبه‌ت