داعش منارەی حەدبا و مزگەوتی نووری لە مووسڵ دەتەقێنێتەوە

:: PM:10:39:21/06/2017 ‌

فەرماندەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا رای دەگەیەنێت كە ئێوارەی ئەمڕۆ رێكخراوی داعش هەستاوە بە تەقاندنەوەی مزگەوتی نووری و منارەی حەدبای دێرین لە بەری راستی مووسڵ لە دوای نزیكبوونەوەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق لێیانەوە.

فەریق رووكن عەبدولئەمیر رەشی یارەڵا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لەكاتی نزیكبوونەوەی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بۆ دووری تەنیا 50 مەتر لە مزگەوتی نووری، چەكدارانی داعش هەستان بە ئەنجامدانی تاوانێكی گەورە كە بریتی بوو لە تەقاندنەوەی مزگەوتی نووری و منارەی حەدبای مێژوویی.

مزگەوتی نووری یان مزگەوتی گەورە بەهایەكی گەورەی بۆ رێكخراوی داعش هەبوو، چونكە لە 2014 لە مینبەری ئەو مزگەوتەدا ئەبوبەكر بەغدایی سەركردەی داعش وتارەكەی خۆی دا و خیلافەتەكەی لە عێراق و سووریا راگەیاند، ئەوەش لە دوای داگیركردنی مووسڵ لە حوزەیرانی ئەو ساڵە.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل