رۆناڵدۆ دەستكەوتێكی مێژوویی تری تۆمار كرد

:: AM:09:38:22/06/2017 ‌

دوای ئەو گۆڵەی دوێنێ چوارشەم بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیا تۆماری كرد، كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار كرد و توانی لەسەرجەم قۆناغەكانی كۆتایی پاڵەوانیەتییە گەورەكانی جیهان گۆڵ تۆمار بكات.

شەوی رابردوو هەڵبژاردەی پورتوگال لە قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانیەتیی جامی كیشوەرەكاندا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی رووسیای مێوانداریی بردەوە، تاكە گۆڵی یارییەكەش لەلایەن رۆناڵدۆ لە خولەكی 9ی گێمی یەكەم هاتە تۆماركردن.

رۆناڵدۆ تا ئێستا 14 گۆڵی لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە پاڵەوانیەتییە گەورەكاندا تۆمار كردووە كە لەنێوان 3 جامی جیهانی و 4 پاڵەوانیەتیی ئەوروپا و جامی كیشوەرەكان و یارییەكانی ئۆڵەمپاید دابەشبوون.

رۆناڵدۆ لە هەرسێ جامی جیهانی رابردوودا توانیویەتی گۆڵ تۆمار بكات، یەكەم گۆڵیشی لە جامی جیهانی 2006 بوو و یەكەم نێچیریشی هەڵبژاردەی ئێران بوو، دوای ئەویش گۆڵی لە هەڵبژاردەی كۆریای باكور لە مۆندیالی 2010 و هەڵبژاردەی گانا لە مۆندیالی 2014 تۆمار كردبوو.

رۆناڵدۆ كاتێك تەمەنی 19 ساڵان بوو دوو گۆڵی لە جامی نەتەوەكانی ئەوروپای 2004 تۆمار كرد، دوای ئەویش لە ساڵی 2008 گۆڵێكی تریشی تۆمار كرد، هەروەها سێ گۆڵی تریشی لە ساڵانی 2012 و 2016ی پاڵەوانیەتییەكەدا تۆمار كردبوو، جگە لەوەش لە یارییەكانی ئۆڵەمپیادی 2004 بەهەمانشێوە گۆڵی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریب تۆمار كردبوو.

جێی باسە رۆناڵدۆ لە وەرزی رابردوودا بەتەنیا 55 گۆڵی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و هەڵبژاردەی پورتوگال تۆمار كردبوو، 60% گۆڵەكانیشی واتە 32 گۆڵ دوای سەری ساڵ تۆماری كردوون.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م