ده‌سه‌ڵاتی تیرۆریستانی داعش له مووسڵ له رۆژه‌كانی كۆتای خۆیدایه و دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌كان له چه‌كدارانی داعش پاك ده‌كرێنه‌وه، نۆره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه دێت، كه پێویستی به بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح و چه‌ندان ساڵ هه‌یه تا دۆخی ناوچه رزگاركراوه‌كان له رووی ئابووری، ته‌ناهی و خزمه‌تگوزاری، ئاسایی ببێته‌وه. له‌و پرۆسه‌یه‌دا كوردستان ئه‌گه‌ر به وریایی بجووڵێته‌وه، ده‌توانێت گه‌شه‌یه‌كی خێرا به ئابوورییه‌كه‌ی بداته‌وه.
ماوه‌یه‌كه له عێراق باس له زیانه‌كانی جه‌نگ ده‌كرێت و لێدوانی جیاواز له‌و رووه‌وه ده‌درێت، هه‌ندێك به‌رپرس یان ده‌زگه باس له زیانی 100 ملیار دۆلاری و هه‌ندێك جاریش ئاماژه به زیانی 35 ملیار دۆلاری ده‌كرێت.
له‌و ناوچانه‌ی داعش داگیری كردبوون، به‌شێكی به‌رچاو له ژێرخانی ئابوورییان له‌ناو برا و به‌شێكی زۆریش به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه وێران كرا كه بۆ رزگاركردنی ناوچه‌كه، سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان ئه‌نجامیان دا.
له پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا حكوومه‌تی عێراق ئه‌و ئه‌ركه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌رشان به پشتبه‌ستن به داهاته‌كه‌ی یان قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی و یارمه‌تی وڵاتان، ناوچه‌كان ئاوه‌دان بكاته‌وه. ساڵانێكی زۆری ده‌وێت تا مووسڵ و ناوچه‌كانی تر ئاوه‌دان بكرێنه‌وه و باری دارایی و قه‌رزی عێراقیش ساڵ به ساڵ قورس‌تر ده‌بێت.
كوردستان له خێروبێری داهاتی عێراق هیچ پشكێكی به‌رنه‌كه‌وت و ناشكرێت له زیانه‌كان بكرێت به برابه‌ش. له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان ئێسته له داهاته‌كه‌ی پشت به خۆی ده‌به‌ستێت. ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكرێت دۆخی به‌ر له ساڵی 2014 بێته ئاراوه و هه‌ولێر و به‌غدا بودجه‌كه‌یان یه‌ك بخه‌ن، ئه‌وا دیسان هه‌رێمی كوردستان زیانی پێ ده‌گات چونكه له‌و داهاته گشتییه‌ی كه پشكێكی هی هه‌رێمی كوردستانه، بڕه بودجه‌یه‌كی زۆر داده‌بڕن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق.
ماوه‌ی سێ ساڵه عێراق و كوردستان بودجه‌كانیان جیا كردووه‌ته‌وه و ئه‌مساڵیش ریفراندۆم به‌ڕێوه‌یه‌وه و پێ ده‌چێت به یه‌كجاری هه‌رێمی كوردستان له عێراق جیا ببێته‌وه.
دكتۆر عه‌بدوڵا پشده‌ری پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه ئه‌گه‌ر رۆژێك عێراق و كوردستان بودجه‌كانیان تێكه‌ڵ بكه‌نه‌وه، زیانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستانه، چونكه له‌و كاته‌دا ده‌بێت كوردستانیش به‌رپرسیاریه‌تی قبووڵ بكات له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق.
له‌و كاته‌ی كوردستان داهاتی نه‌بوو و عێراق هه‌یبوو، هه‌رێم له داهاتی عێراق بێبه‌ش كرا و ئێسته‌ش كه عێراق خه‌رجییه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زۆر ده‌بێت، به بۆچوونی پشده‌ری "ناكرێت هه‌رێمی كوردستان ببێته قوربانیی ئه‌و خه‌رجییانه".
پێش ساڵی 2014 به ناوی بودجه‌ی سیادی و سوپا و خۆراك و ده‌رمان و شتی تر، بودجه‌یه‌كی زۆر له پشكی بودجه‌ی عێراق كه‌م ده‌كرایه‌وه و پاشان پشكی 17%ی بودجه‌ی كوردستان له‌وه‌ی تر ده‌درا، له داهاتووشدا ئه‌گه‌ر پلان هه‌بێت ساڵانه به ملیاران دۆلار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه ته‌رخان بكرێت، دیسان له پشكی كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه.
ئه‌و ئابووریناسه روونی ده‌كاته‌وه "هه‌موو جۆره په‌ره‌پێدانێكی ئابووری و ئاوه‌دانكردنه‌وه له مووسڵ، سوودی ئابووریی بۆ كوردستانیش هه‌یه و ئه‌گه‌ر ده‌ست به ئاوه‌دانكردنه‌وه بكرێت و پاره بڕژێته بازاڕه‌وه، ئه‌وا له ده‌ستی كاری كوردستانه‌وه بگره تا ده‌گاته بازرگانان، خاوه‌ن كارگه و به‌ڵێنده‌رایه‌تی و كۆمپانیاكان لێی سوودمه‌ند ده‌بن".
زۆربه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه له توركیا، ئێران یان له ناوخۆی كوردستان دابین ده‌كرێن و له هه‌رسێ حاڵه‌تیشدا كوردستان سوودمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت، چونكه سه‌رجه‌م رێگه‌كانی بازرگانیی مووسڵ له كوردستانه‌وه تێده‌په‌ڕن.
جگه‌له‌مه، سه‌رجه‌م كارگه‌كانی شیش، بلۆك، قیر و بواره‌كانی تری بیناسازی و پیشه‌سازی له كوردستان، چالاك ده‌بن و بازاڕێكی نوێ بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌دۆزرێته‌وه.
ئه‌و ئابووریناسه داوا ده‌كات كارگه و كۆمپانیاكانی كورستان به به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی به‌رهه‌م، سه‌ردانكردنی مه‌یدانی، نرخی گونجاو، هه‌وڵی خۆیان بده‌ن له پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه پشكی شێری قازانجه‌كانیان به‌ركه‌وێت.
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، ده‌ڵێت، كه خۆی گوێی له حه‌یده‌ر عه‌بادی بووه كه گوتوویه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی عێراق، پێویستی به 35 ملیار دۆلاره.
ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و ژماره‌یه خه‌مڵاندنه، چونكه به‌شێك له زیانه‌كان هی كه‌رتی تایبه‌تن و به‌شێكیشی هی كه‌رتی گشتییه، بۆ نموونه سێ پاڵاوگه له‌ناو چوون كه دووباره دروستكردنه‌وه‌ی بودجه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت و به‌م زووانه عێراق ناتوانێ بۆیان ته‌رخانی بكات.
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید باسی له‌وه‌ش كرد "عێراق پیویستی به قه‌رزێكی زۆری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و خاڵی ئه‌رێنی بۆ عێراق دراوه یهدهگهكهیهتی، هه‌ڵبه‌ت عێراق به‌بێ پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش له ته‌نگژه‌ی داراییدایه و وا به ئاسانی ناتوانێ ئه‌و بودجه زۆره بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه دابین بكات".
هێشتا پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ستی پێ نه‌كردووه، كوردستان ئابوورییه‌كه‌ی جووڵاوه و ئه‌گه‌ر كۆتا به داعش بێت و ده‌ست به ئاوه‌دانكردنه‌وه بكرێت، ئابووریی كوردستان ده‌توانێت پێی هه‌ڵبستێته‌وه.