بەفەرمی.. ئەلڤێس یۆڤانتۆسی جێهێشت و بەرەو مانچستەر سیتی بەڕێ دەكەوێ

:: AM:10:11:22/06/2017 ‌

یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دوێنێ چوارشەم بەفەرمی رۆیشتنی بەرگریكارە بەڕازیلییەكەی دانی ئەلڤێسی راگەیاند.

پیپی مارۆتا بەڕێوەبەری گشتی یانەی یۆڤانتۆس بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: لەسەر داوای ئەلڤێس بەفەرمی و بەرێككەوتن و بەبێ هیچ كێشەیەك گرێبەستەكەی نێوانمان هەڵوەشاندەوە.

چاوەڕوان دەكرێ ئەو بەرگریكارە تەمەن 34 ساڵییە بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە راهێنەرەكەی پێشووی پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزییەوە بكات.

بەڕێوەبەری گشتی یانەی یۆڤانتۆس جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە بڕیارەكەی ئەلڤێس بۆ ئەوان لەناكاو بوو، بەڵام بەبێ بوونی هیچ كێشەیەك دەستبەرداری یەكتر بوون، هیواشی خواست لە وێستگەی داهاتوویدا لە خولی نایابی ئینگلیزی سەركەوتووبێت.

ئەلڤێس هاوینی رابردوو بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی جێهێشت و رووی لە خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤانتۆس كرد، لە ماوەی وەرزێكیشدا لە كۆی بەشداریكردنی 33 یاریی توانیبووی 6 گۆڵ بۆ یانەكە تۆمار بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م