داعش هێرش دەكاتە سەر هێزەكەی توركیا لە بەعشیقە

:: PM:04:39:09/10/2016 ‌
میدیاكانی توركیا رایان گەیاند كە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم چەكدارانی داعش بە مووشەك هێرشیان كردووەتە سەر سەربازگەی زیلكان لە نزیك بەعشیقە كە هێزێكی سەربازی توركیا تیایدا مەشق و راهێنان بە حەشدی نیشتمانی عێراقی دەكات.

ماڵپەڕی رۆژنامەی "حورییەت"ی توركیایی دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی توركیا وەڵامی مووشەكەكانی داعشیان داوەتەوە و چەند ئۆتۆمبێلێكیان كردوونەتە ئامانج، بەبێ ئاماژەكردن بۆ زیانەكانی هەردوولا.

ماوەیەكە ئاڵۆزییەكی گەورەی راگەیاندن كەوتووەتە نێوانی عێراق و توركیا بەهۆی بوونی هێزێكی نزیكەی دوو هەزار سەربازی توركیا لە نزیك بەعشیقە لە دووری 30 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، عێراق داوای كشانەوەیان دەكات و توركیاش دەڵێت بە رێككەوتن هاتوون و ساڵێكی تر دەمێننەوە.

زوهێر حازم جبووری گوتەبێژ بەناوی حەشدی نیشتمانی لە سەربازگەی زیلكان لە نزیك بەعشیقە دووپاتی كردەوە، سەربازگەكە لەلایەن چەكدارانی داعش بە دوو مووشەكی جۆری كاتیۆشا بۆردمان كراوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.  

هێزەكانی حەشدی نیشتمانی لەلایەن ئەسیڵ نوجێفی پارێزگاری پێشووی مووسڵ سەرپەرشتی دەكرێ كە بەمەبەستی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش و پاراستنی ئاسایشی شارەكە دوای ئازادكردنەوەی دامەزراوە و لەلایەن هێزێكی توركیا مەشق و راهێنانیان پێ دەكرێت. 

وشە/شەفەق نیوز، سكای نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل