یەكێتی و گۆڕان داوای شەفافی دەكەن..داهاتی شارێكیش بە شاراوەیی دەهێڵنەوە

:: PM:01:04:29/10/2016 ‌

لیژنەی لێكۆڵینەوە لە داهاتی سلێمانی بەهۆی دروستبوونی كێشە لە نێوان ئەندامی یەكێتی و گۆڕان لە لێژنەكە شكستی هێنا، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت: دەستیان بە ئیشەكان كردبوو و گەیشتبوونە شوێنە گرنگەكە، بەڵام ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان لەو لیژنە كشایەوە.
 
فەرهاد تۆفیق، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون بۆ داهاتی سلێمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كە ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی سۆسیالستە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیژنەی دیاریكردنی داهاتی سلێمانی، دوای ئەوەی بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن دروست بوو، سێ دانیشتنی یەك لەدوا یەكی ئەنجام دا و دوو سەردانی بۆ فەرمانگەكان كرد، بەڵام لە پڕ ئەندامەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كشایەوە.
 
زیاتر گوتی: بەپێی پێڕەوی ناوخۆ نابێت لیژنەكە لە سێ كەس كەمتر بێت، بۆیە كارەكانمان ڕاگرت، چونكە یان دەبێت لیژنەكە هەڵوەشێتەوە، یان چارەسەر بكرێت، بەڵام تا ئێستەش چارەسەر نەكراوە و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنیش هیچی نەكردووە".
 
فەرهاد تۆفیق ئاماژەی بەوەش دا: لە كارەكان گەیشتبووینە ئەوە سەردانی خەزێنەكان بكەین كە شوێنە گرنگەكەیە و ئەنجامەكانمان دەست دەكەوت، كە ڕاستییەكان هەموویان لەوێن، بەڵام لیژنەكە تێك چوو، قسەیەكیش هەیە لە ناو ئەنجوومەن پێ دەچێت ئەو بابەتە بدرێتە لیژنەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەن.
 
ئەو كاتەی عەلی حەمەساڵح و غالب محەمەد كە هەردووكیان ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانن لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، چەند زانیارییەكان لەسەر داهاتی سلێمانی ئاشكرا كرد، دواتریش ڕێكەوت زەكی كە ئەندامی ئەو لیژنەی داهاتە بوو، لە چەند نووسینێكدا باسی لەوە دەكرد بزووتنەوەی گۆڕان بووە بە دوو باڵەوە، هەر لەبەر ئەو نووسینانە ئەندامەكەی گۆڕان لەو لیژنە كشایەوە.
 
سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە داهاتی سلێمانی ئاماژەی دا، لیژنەكە زۆر بە ڕژدی كارەكانی خۆی دەكرد، لەو كاتەدا ئەندامانی تر داوایان دەكرد لە سەرۆكایەتی ببنە ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون، بەڵام دوای شكست هێنانی ئەو لیژنە هیچ كەس نەیپرسیوە چی لێ هات، بۆ هەڵوەشایەوە.
 
لە بەرامبەردا زیاد كاكەڕەزا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی كشانەوەی ئەندامەكەی گۆڕان، لیژنەی داهاتەكان شكستی هێنا و هەڵوەشایەوە.

كاكەڕەزا پێی وایە: ئەگەر لیژنەی تر بۆ دیاریكردنی داهاتەكان دروست بێت، دەتوانێت كارەكانی خۆی بكات، بەڵام لیژنەكە تاچەند سەركەوتوو دەبێت لەو ئەنجامەی كە دەیەوێت بە دەستی بێنێت، ئەوەیان دیار نییە.

چاودێران پێشبینی دەكەن، دۆسیەی داهاتی سلێمانی كە چەند ئەندامێكی بزووتنەوەی گۆڕان ورووژاندوویانە، ڕێككەوتننامەكەی یەكێتی و گۆڕان لەق بكات كە یەكێ لە خاڵەكانی بریتی بوو لەوەی هەرگیز لە ڕاگەیاندنەكان هیچ لێدوانێكی دژ بە یەك بڵاو نەكەنەوە.

پێشتر عەلی حەمە سالح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسینێكدا بڵاوی كردەوە مانگانە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری داهاتی شاری سلێمانی بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ هەولێر دیار نامێنێ و كەس نازانێت چی بەسەردێت. دواتر غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە نووسراوێكی ڕەسمیدا داوای لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كرد ڕوون كردنەوە لەوبارەوە بدەن، ئەگەر شتێكی لەم جۆرە هەیە لێژنە دروست بكەن و ناكرێ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری داهاتی شارەكە نەبێت.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، باڵی قۆرخكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی بەسەر تەواوی جومگەكانی داهاتی سلێمانی دا گرتووە و بەشی زۆری ئەو داهاتە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێنێت و لە میدیاكانیش خەڵكی سلێمانی هان دەدەن كە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوەستنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە داهاتی خەڵكی سلێمانی لای ئەوانە، ئەوانیش لە جیاتی لە پرۆژە بۆ ئاوەدانی خەرجی بكەن، كەس نازانێت چی لێ دەكەن و چی بەسەردێت، لە زۆربەی كێشەكانیش كە لە سلێمانی ڕوو دەدەن، چالاكان و رۆژنامەوانان و نووسەران كەمپەین دروست دەكەن، بەڵام هەمووان لە ئاست نادیاری داهاتی شارەكەیان بێ دەنگن.

رۆژی 17 ئایار/مایۆ لە شاری سلێمانی هەریەك لە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەیان ئیمزا كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە 2009 نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جیا بووەوە و تا ئەو ماوەیەی خەریكی دانوستاندن بوون بۆ ئەو رێككەوتنە، میدیاكانی گۆڕان بەردەوام یەكێتی و سەركردەكانیان بە گەندەڵ ناو دەبرد و بەجۆرەها شێوە هێرشیان دەكردنە سەر، بەڵام دوای رێككەوتنەكە، ئیتر هەموو سەركردەكانی یەكێتی لە گەندەڵی داماڵران و بوونەوە بە كەسی شارەزا و پاك، ئەم رێككەوتنەش بەهۆی ئەوەی دژی سیاسەتی چەند ساڵەی گۆڕان بووە، بەشێك لە هەڵسووڕاو و كادرە دیارەكانی گۆڕانی نیگەران كردووە و بەشێكیشیان دەستیان لەو حزبە كێشایەوە، هاوكات لەلایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند سەركردەیەكی دیاری ئەو حزبە نیگەران و ناڕازین لەو رێككەوتنە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - كوردۆ شابان