كۆمپانیایەكی قەتەری بە باشترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی دنیا هەڵبژێردرا

:: AM:10:27:22/06/2017 ‌

كۆمپانیای فڕۆكەوانیی قەتەر ئەیروێیز، پێش ركابەرە ئیماراتییەكەی كەوت و توانی ببێت بە باشترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی دنیا.

 ئەم هەواڵە لە پێشانگەی تایبەت بە فڕۆكەوانیی پاریس لە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتی باشترین كۆمپانیاكانی بواری فڕۆكەوانی دنیا ئاشكرا بوو.

لەو ریزبەندییەدا كۆمپانیایەكی سەنگافوورە پلەی دووەمی دەستەبەر كرد و كۆمپانیایەكی ئیماراتیش لە پلەی چوارەمدایە.

كۆمپانیای فڕۆكەوانی مەكسیك لە كۆتای لیستەكەدایە. ئەكبەر باكر بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیا قەتەرییەكە گوتوویەتی، ئەو خەڵاتە تەنیا هی كۆمپانیاكەیان نییە، بەڵكو هی هەموو خەڵكی قەتەرە.

كۆمپانیا قەتەرییەكە لە كاتێكدا ئەو نازناوەی وەرگرت كە كێشەیەكی گەورە لە نێوان قەتەر و كۆمەڵێك وڵاتی عەرەبی هاتووەتە كایەوە.

 ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و لە گرنگترینیان سعوودیە، قەتەر بەوە تۆمەتبار دەكەن هاوكاری تیرۆریستان دەكات. ئەوان كۆمەڵێك سزایان بەسەر قەتەردا سەپاندووە.

ئێستە ئەو وڵاتانە رێگە نادەن فڕۆكەكانی قەتەر بە ئاسمانی وڵاتانیاندا گەشت بكەن.

لە قەتەر ٢٠٠ فڕۆكە رۆژانە بۆ شوێنە جیاجیاكانی دنیا گەشت دەكەن. قەتەر پردێكی پێوەندی بووە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا و كۆمپانیای قەتەر ئەیرویز فڕۆكەكانی بۆ ١٤٠ فڕۆكەخانە لە ٧٣ وڵاتی دنیا گەشت دەكەن.

ئەو كۆمپانیایە پێنج مانگ لەمەوبەر درێژترین گەشتی راستەوخۆی دنیای ئەنجام دا. گەشتەكە ١٦ سەعاتی خایاند لە دەوحە دەستی پێ كرد و تا نیوزلەندا بەردەوام بوو و بەو گەشتەش ١٤ هەزار و ٥٠٠ كیلۆمەتری بڕی.

سەرچاوە/ بی بی سی




وشە - سلێمان تاشان