دڵگه‌ش قادر له ساڵى 1976 له گه‌ڕه‌كى ئیبراهیم پاشاى شارى سلێمانى له دایك بووه، یه‌كێكه له شاعیره ژنه ناسراوه‌كان و به "دڵى ڕۆژهه‌ڵات" ده‌ناسرێت. ئه‌و له ئێسته‌دا كارى نواندن ده‌كات و بۆ داهاتووش ده‌یه‌وێت ببێته ئه‌ستێره‌یه‌كى گه‌شاوه‌ى بوارى سینه‌ما. له دیدارێكى "وشه"دا باس له ژیان و كاره‌كانى ده‌كات.
ده‌ستپێكى نووسینتان بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
له منداڵیمه‌وه قه‌ڵه‌م و شیعرم خۆش ویستووه و كاتێك منداڵ بووم كتێبى زۆرێك له شاعیره‌كانم هه‌بوو، به‌تایبه‌تى دیوانه‌كانى قانع، نالى و مه‌حوى، له ته‌مه‌نى 10 ساڵییه‌وه هه‌ندێك شیعرم ده‌نووسى، به‌ڵام پێم وابوو كرچوكاڵ بوون، هاوكات له ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارییه‌وه ده‌ستم به شیعر نووسین كرده‌وه، له‌م قۆناغه‌ش دیسان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، تا گه‌یشتمه ته‌مه‌نى 25 ساڵى ئیتر هه‌ستم كرد شیعره‌كانم كامڵ بوون و ورده ورده جوانتر ده‌منووسى.
بۆچى به "دڵى ڕۆژهه‌ڵات" ناوبانگت ده‌ركردووه؟
دڵى ڕۆژهه‌ڵات ئه‌و ناوه بوو كه توانى شیعره‌كانم بپارێزێ و بمهێڵێته‌وه، هه‌روه‌ها ڕۆژهه‌ڵات ڕهنگدانهوهیهكى زۆرى له‌سه‌رم هه‌یه له ڕووى ڕ‌ۆشنبیرى و هونه‌رى و كۆمه‌ڵێك شتى تره‌وه كه زۆر له‌لام جوانه وه‌ك كولتوور و دابونه‌ریت، له هه‌مان كاتدا باب و باپیرانم له بنچینه‌دا خه‌ڵكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانن، هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه واى لێ كردووم كه ئه‌و نازناوه بۆ خۆم هه‌ڵبژێرم.
تا ئێسته چه‌ند سیدیى شیعریت بڵاو كردووه‌ته‌وه؟
له ڕاستیدا هه‌وڵێكى زۆرم له‌گه‌ڵ دراوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌لبوومێكى شیعرى بڵاو بكه‌مه‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا پارساڵ ئه‌لبوومێكیان به ناوى "نازى ژن و په‌پووله‌یه‌ك" بۆ كردم كه له 14 تراك پێك هاتبوو، به‌ڵام به‌دڵم نه‌بوو و بڵاوم نه‌كرده‌وه، ئێسته ئه‌لبوومێكى ترم به‌ناوى "نازى ژنێك" له به‌رده‌ستدایه و له پێش جه‌ژن یان دواى جه‌ژن ده‌كه‌وێته بازاڕه‌وه.
شیعر به چه‌ند زمان ده‌نووسی؟
ته‌نیا به زمانى دایك ده‌نووسم، به‌ڵام چه‌ند شیعریكم له‌لایه‌ن كچه خوێندكارێكى فارسه‌وه له زانكۆى تاران وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانى فارسى و كردوویه‌تى به به‌شێك له توێژینه‌وه‌كه‌ى له به‌شى زمان و ئه‌ده‌ب له زانكۆى تاران.
بۆچى شیعره‌كانت زیاتر عاشقانه‌ن؟
عه‌شق ئیمپراتۆرى ناو شیعره‌كانمه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى گه‌وره‌ى هه‌یه له‌سه‌ر شیعره‌كانم، ئه‌گه‌ر عه‌شق نه‌بێت، هیچ كاتێك ناتوانم ئه‌و وشانه بنووسمه‌وه، هه‌روه‌ها عه‌شق ته‌نیا به هاوسه‌رگیرى نابه‌ستمه‌وه و هه‌میشه له هزرى مندا زیندووه، واتا ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه له ئێسته‌دا به‌رده‌ست بێت یاخود نه‌بێت، عهشقهكهى له‌لام هه‌ر بوونى هه‌یه، به‌ڵام كه‌سه‌كه حیسابى زیندووى بۆ ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌لام دا‌نیشێت و ماچم بكات و خۆشى بوێم و ده‌ست به قژمدا بێنێت و له‌لام بخه‌وێت، ئه‌و كاته به‌زیندووى حیساب ده‌كه‌م، كه‌واته ئه‌و كه‌سه وه‌ك لاشه خۆى نییه و مردووه، به‌ڵام عهشقهكهى هه‌ر له‌لام زیندووه، بۆیه جوانى عه‌شق له‌وه‌دایه كه پێى ناگه‌ى، له هه‌مان كاتدا عه‌شق وه‌ك مردن و له دایكبوونه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تام له خۆشى و ناخۆشییهكهى ده‌كه‌یت.
له شیعره‌كانتدا زۆر به ژن‌دا ههڵدهڵێیت؟
ژن لایه‌نێكى گرنگى ژیانه و پیاوان به‌بێ ژن هیچیان پێ ناكرێت و ناتوانن به‌بێ ژن ته‌نانه‌ت منداڵێك دروست بكه‌ن، هه‌رچه‌نده ژنیش به‌بێ پیاو ناتوانێت ئه‌وه بكات، واتا ته‌واوكه‌رى یه‌كترن، به‌ڵام گه‌وره‌یی ژن له‌وه‌دایه كه زۆرترین قوربانى و زۆرترین قورسایی ژیانى كه‌وتووه‌ته سه‌رشان، پێویسته ژن وه‌ك په‌رستگه‌یه‌ك سه‌یر بكرێت، چونكه ئه‌م دنیایه له‌سه‌ر ژن وه‌ستاوه، هه‌روه‌ها له یه‌كێك له شاره‌كانى هیندستان په‌یكه‌رێك بۆ ژن دروست كراوه و خه‌ڵكه‌كه‌ى ده‌چن ماچى ئه‌ندامى مێیینهى ئه‌و په‌یكه‌ره ده‌كه‌ن و زۆر به پیرۆزى داده‌نێن، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه نه‌بێت ئه‌و ژیانه‌ش بوونى نابێت.
جگه له شیعر نووسین، وه‌ك ئه‌كته‌رێك به‌شدارى درامایهكتان كردووه، ئه‌و درامایه به ناوى چییه و كه‌ى په‌خشى ده‌كه‌ن؟
بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك ئه‌زموونێكى تازه به‌شدارى كارێكى نواندن له درامایه‌ك ده‌كه‌م به‌ناوى "شه‌وچه‌ره‌ى ڕه‌مه‌زان" و دراماكه 30 ئه‌ڵقه‌ى جیاواز له خۆ ده‌گرێت و تیایدا ڕۆڵێكى سه‌ره‌كیم پێ ده‌درێت، وامان دانابوو ئه‌م درامایه بۆ مانگى ڕه‌مه‌زان په‌خش بكرێت، به‌ڵام به داخێكى زۆره‌وه هیچ كه‌ناڵێك پاره‌ى ئه‌وه‌ى نه‌بوو پشتگیرى ئێمه بكات و ئه‌و درامایهمان لێ وه‌ربگرن، له كۆتادا كه‌ناڵى KNN دراماكه‌ى لێ وه‌رگرتین، دیسان به داخه‌وه كۆچى دوایی نه‌وشیروان مسته‌فاى به‌سه‌ردا هات و له‌به‌رئه‌وه له مانگى ڕه‌مه‌زان په‌خش نه‌كرا، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ده‌كه‌ین دواى شكاندنى پرسه‌كه ئه‌م درامایه بۆ بینه‌ران په‌خش بكرێت، چونكه درامایه‌كى زۆر خۆشه و كارى جوانى بۆ كراوه، هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌كى له‌سه‌ر بابه‌تێكى جیاوازه و به به‌شدارى كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندى ناسراوه. دراماكه له نووسین و ده‌رهێنانى شۆڕش قادره، له هه‌مان كاتدا ئێسته خه‌ریكى پڕۆڤهكردنم بۆ شانۆگه‌ریى "كچانى گه‌ڕه‌ك" له‌گه‌ڵ هه‌مان گرووپ كه بۆ جه‌ژن له سه‌عات هه‌شتى شه‌و له هۆڵى ته‌وار نمایشى ده‌كه‌ین.
دوا حه‌ز و ئاواتتان چییه؟
پێشتر زۆر حه‌زم ده‌كرد وه‌ك میدیاكار خۆم له شاشه‌كان ببینم، به‌ڵام ئێسته ئه‌و حه‌زه‌م نه‌ماوه، چونكه ته‌مه‌نى من ئه‌وه‌ى تێپه‌ڕاندووه كه به‌دواى ئه‌م حه‌زه‌م بكه‌وم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له داهاتوودا ببمه ئه‌ستێره‌یه‌كى گه‌شاوه‌ى بوارى سینه‌ما.
محه‌مه‌د جه‌مال