ئاگرەكەی بەشە ناوخۆیی كۆیە تاقیكردنەوەكانی دوا خست

:: AM:10:36:22/06/2017 ‌


بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگرێكی گەورە لە بەشە ناوخۆیی كچانی زانكۆی كۆیە دەكەوێتەوە و بەو هۆیەوە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان دوا خرا بۆ ڕۆژێكی تر، پۆلیسی شارەكەش دەڵێت، زیاتر لە 30 قوتابی بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، عەقید شۆڕش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەعات دوو و نیوی بەرەبەیانی ئاگەدار كراینەوە كە‌ ئاگرێك لە بەشە ناوخۆیی‌ كچان دروست بووە، دوای‌ گەیشتنی‌ تیمەكانی‌ پۆلیس و بەرگریی‌ شارستانی‌ و فریاكەوتن، توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە دەڵێت، تا ئێستە هۆكاری‌ كەوتنەوەی‌ ئاگرەكە نەزانراوە، بەڵام لە نزیك شوێنی‌ ئاگرەكە كامێرای‌ چاودێریش هەبووە و دوای‌ سەیركردنی‌ گرتەكان هیچ كەسێك لە كامێراكە دەرنەكەوتووە تا گومان لە ڕووداوەكە بكرێت.

عەقید شۆڕش  زیاتر گوتی، لە ئەنجامی ئەم ئاگركەوتنەوەیە، دووكەڵ گەیشتووەتە سەرجەم نهۆمەكان، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 30 قوتابی تووشی‌ تەنگەنەفەسی‌ بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.

ئەمڕۆش سەرۆكایەتیی زانكۆی كۆیە بڕیاری دا كە تاقیكردنەوەی ڕۆژی پێنجشەم ۲٠۱۷/٦/۲۲ دوا بخرێت بۆ ڕۆژی یەكشەم ۲٠۱۷/۷/۲، هەروەها تاقیكردنەوەی ڕۆژی شەموو بۆ ڕۆژی دووشەم دوا خرا.



وشە - رامیار جەواد