بۆ یەكەمجار چەند نهێنییەكی لەسەر رۆیشتنی میسی لە یانەی بەرشەلۆنە بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:10:37:22/06/2017 ‌

رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ یەكەمجار چەند نهێنییەكی لەسەر بڕیاری رۆیشتنی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەكەیدا لە هاوینی رابردوو ئاشكرا كرد.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: میسی پارساڵ دۆخێكی تابڵێی خراپی هەبوو بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ دادگای ئیسپانیا و تۆمەتباركردنی بە تاوانی خۆدزینەوە لە پێدانی باج.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەدا كە میسی بە دەستەوارەكەی یانەی مانچستەر سیتی رازی ببوو و بڕیاریدابوو ئیتر پەیوەندی بەو یانەیەوە بكات.

ئاماژەی بەوەشدا كە كاتێك هەواڵەكە بڵاو ببووەوە راستەوخۆ جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی بەرشەلۆنە و جۆردی میستری جێگری
گەیشتبوونە شاری میامی ئەمەریكا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ باوكی میسیدا بكەن لە ناوەڕۆكی هەواڵەكەدا دڵنیا ببنەوە.

هەردوو بەرپرسە یەكەمەكەی یانەی بەرشەلۆنە گفتوگۆیەكی چڕیان لەگەڵ میسی و باوكی كردبوو، بەڵام ئەو پێداگیری لە رۆیشتن كردبووە و جەختی كردبووەوە كە لە بڕیارەكەی پەشیمان نابێتەوە، دوای گەڕانەوەشیان بۆ شاری بەرشەلۆنە بە لویس ئێنریكی راهێنەریان گوتبوو تیپەكەی بۆ دوای میسی ئامادە بكات.

بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بەشی زۆری كارەكانی گواستنەوەی میسییان بڕاندبووەوە، كێشەی سەرەكی یانەكە ئەو بڕە پارەیە بوو كە یانەی بەرشەلۆنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی داوای دەكرد كە 250 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام یانە ئینگلیزییەكە ئامادەیی خۆی پێشاندابوو 150 ملیۆن یۆرۆ خەرج بكات.

بەڵام لەناكاو فریشتەیەك بۆ یانەی بەرشەلۆنە دێتە پێشەوە و كلیلی دەرگەی مانەوەی میسی بەدەست دێنێ و رازی دەكات ریزی یانەكەی بەجێ نەهێڵێ، بێگومان ئەم فریشتەیەش لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی و هاوڕێی نزیكی میسییە.

دوای تەواوبوونی پشووەكانی میسی و گەڕانەوەی بۆ شاری بەرشەلۆنە، سوارێز لە چێشتخانەیەكی نزیك ماڵەكانیان داوەتی دەكات و دوای نانخواردن ماوەیەكی زۆر گفتوگۆ لەسەر مانەوە و جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە دەكەن.

بۆ رۆژی دواتر سوارێز دووبارە میسی لەهەمان چێشتخانە داوەت دەكاتەوە و دوای گفتوگۆیەكی دوور و درێژ رازی دەكات واز لە بیرۆكەی جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە بێنێ، هەروەها داوای لێ دەكات بۆ بەیانی لە یاریگەی مەشق و راهێنانەكانی یاریزانان ئامادە بێت و هەست بەو پاڵپشتییەی یاریزانان و بەرپرسانی یانەكە و هاندەران بكات كە ئاراستەی دەكرێن.

دواجار ئەو قسانەی سوارێز كاریگەری زۆری لە میسی كرد و بڕیاریدا ئیتر هاوكاری تیپەكەی بكات و هەر لە ریزی یانەكەدا بمێنێتەوە، لە ئێستاشدا دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەو ئەستێرەیە رازی بووە گرێبەستەكەی تا 2022 لەگەڵ یانەكە نوێ بكاتەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م