خامنەیی بۆ عەبادی: لاوازكردنی حەشد بوومەلەرزە لە بەغدا دروست دەكات

:: AM:11:04:22/06/2017 ‌

ڕۆژی سێشەمی ئەم هەفتەیە دوای سعوودیە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆ بووەوە، خامنەیی هەڕەشەی لە عەبادی كردووە كە هەر هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی ڕۆڵی حەشدی شەعبی، مەترسی گەورە لەسەر ئاسایشی بەغدا دروست دەكات.

ڕۆژنامەی عه‌ره‌بی به‌ پشت به‌ ستن به‌ زانیارییه‌كانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، خامنەیی هۆشداری بە حەیدەر عەبادی داوە و پێی گوتووە، گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێك بۆ لاوازكردنی گرووپە چەكدارەكانی شیعە كە لەلایەن ئێرانەوە پارە و چەكیان پێ دراوە و پشتیوانی دەكرێن، كارێكی هەڵەیە و دەبێتە مەترسی لە بەغدا دروست دەكات و بوومەلەرزە ڕوو دەدات.

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، خامنەیی ئاماژەی داوە كە ئەو گرووپە چەكدارانەی ئێران پشتیوانیان دەكات، هێزی سەرەكیی نێو حەشدی شەعبین و ڕۆڵی بنەڕەتیش دەبینن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، بۆیە پێویستە بەغدا متمانە بە ئەمەریكا نەكات و دەست بۆ ئەو هێزانە نەبات.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەرەتا لە 2014 دوای هاتنی داعش بۆ عێراق بە فتوایەكی عەلی سیستانی دامەزران تا عێراق لە داگیركاری تیرۆریستان بپارێزن، دواتر ئێران چەندان گرووپی تری چەكداری دروست كرد و چەك و پارە و كۆمەكی گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی كرد تا ئامانجە ستراتیجییەكەی خۆی بۆ لابردنی سنووری عێراق و سووریا و لبنان و گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست بهێنێتە دی، میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە گرووپی چەكداری لە دەرەوەی یاسا و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و هێزی چەكداری ئێران لە عێراق ناو دەبرێن.

ئێستە میلیشیاكان بە چەندان ناوی جیاجیا وەك و حزب و قەوارەی سیاسیی خۆیان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆمار كردووە، میدیاكانی عێراق باس لەوە دەكەن كە لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركردەی میلیشیاكان حكوومەتی بەغدا كۆنتڕۆڵ دەكەن، پێشتریش قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی، سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێ لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی بێت.

سەرچاوە/العرب.



وشە - باز ئه‌حمه‌د