جامی كیشوەرەكان.. ئەمڕۆ ئەڵمانیا و چیلی یاری دەكەن

:: AM:11:08:22/06/2017 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارچێوەی لە یاریی لووتكەی كۆمەڵەی دووەمی جامی كیشوەرەكاندا كە ئێستا لە وڵاتی رووسیا بەڕێوە دەچێت، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیای پاڵەوانی مۆندیال و جیهان و هەڵبژاردەی چیلی پاڵەوانی جامی كوپا ئەمەریكا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

ئەمڕۆ لە پاڵەوانیەتیی جامی كیشوەرەكاندا 2 یاریی كۆمەڵەی دووەم بەڕێوە دەچێت، لە یاریی یەكەمدا هەردوو هەڵبژاردەی كامیڕۆن و ئوستڕالیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یارییەكەش سەعات 6ی ئێوارە بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

هەردوو هەڵبژاردەكە لە یاریی یەكەمیاندا تامی شكستیان كردبوو، هەڵبژاردەی كامیڕۆن بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی دۆڕا بوو، هەڵبژاردەی ئوستڕالیاش بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دۆڕا بوو، بۆیە ئێستا هەردوو هەڵبژاردەكە بەبێ خاڵ لە ریزی سێیەم و چوارەمی كۆمەڵەی دووەم دێن.

لە یاریی دووەمیشدا كە بە یاریی لووتكەی پاڵەوانیەتییەكەش دادەنرێ، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و چیلی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یارییەكەش سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

هەردوو هەڵبژاردەكە هەوڵی سەركەوتن دەدەن بۆ ئەوەی ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی دووەم بەدەست بێنن تا لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئەركیان ئاسان بێت و رووبەڕووی دووەمی كۆمەڵەی یەكەم ببنەوە.

هەڵبژاردەی چیلی ئێستا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵێك لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ریزی یەكەمی كۆمەڵەی دووەم دێت.

دوێنێ چوارشەم هەروەها لە یارییەكانی دووەمی كۆمەڵەی یەكەمدا دوو یاریی گرینگ بەڕێوە چوون، لە یاریی یەكەمدا هەڵبژاردەی پورتوگال بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی رووسیای بردەوە، هەڵبژاردەی مەكسیكیش بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ هەڵبژاردەی نیوزلەندای تێك شكاند.

ئێستا ریزبەندی كۆمەڵەی یەكەم بەمشێوەی خوارەوەیە:-

1-    هەڵبژاردەی مەكسیك 4 خاڵ

2-    هەڵبژاردەی پورتوگال 4 خاڵ

3-    هەڵبژاردەی رووسیا 3 خاڵ

4-    هەڵبژاردەی نیوزلەندا 0 خاڵ




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م