دوای چەندان جار هێز جووڵاندن و ڕەتكردنەوەی بڕیارەكان، قایمقامی چەمچەماڵ گۆڕانكاری پێ كرا. جێگری سەرۆكی حكوومەتیش دەڵێت، ژمارەیەك خەڵك هەن لێرە خۆیان لە سەرووی حكوومەت و دامەزراوەكانی ئەم وڵاتەوە دەبینن، بەدڵنیایییەوە وەڵامێكی زۆر توندمان دەبێت بۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتی گۆڕینی قایمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری پۆلیسی كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، گۆڕانكاری لە پۆستەكان تەنیا لەپێناو باشتركردنی دۆخەكەیە، دەمانەوێت هەمیشە گۆڕانكاری هەبێت.
جێگری سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریان داوە بەشێك لە داهاتی سەرچاوە سروشتییەكانی سنووری چەمچەماڵ بۆ ئەو سنوورە خۆیان خەرج بكرێت تا زیاتر ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێت، چونكە سنووری چەمچەماڵ دەوڵەمەندترین ناوچەیە بەسامانی سروشتی.
تاڵەبانی زیاتر گوتی، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵیش دەكرێت، هەروەها چەند كەسێك هەن لە سنووری چەمچەماڵ خۆیان زۆر لە حكوومەت بەگەورەتر تەماشا دەكەن و بەچەند چەك و كەسێك زۆر بێ منەت خۆیان نیشان دەدەن، ئێمە خەڵكی تێكۆشەری چەمچەماڵ دڵنیا دەكەینەوە، ڕێگری لە هەموو ئەو دیاردانە دەكەین و بەتەواوی پشتیوانی هێزەكانی چەمچەماڵ دەكەین، دڵنیا بن لە هیچ كەسێكی قبووڵ ناكەین، تەنانەت ئەگەر لایەنێكیشی لە پشت بێت وەڵامێكی توندمان دەبێت بۆی.
ئەم گوتانەی تاڵەبانی دوای ئەوە دێت كە چەندان جار بڕیاری گۆڕینی بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ دراوە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی حزبی نەتوانراوە ئەم پۆستە ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت و چەندان جاریش هێز جووڵێنراوە بۆ ئەم مەبەستە.