ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، ئێستە ژمارەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی 7.6 ملیار كەسە و تا ساڵی 2050 ئەو ژمارەیە بۆ 9.8 ملیار مرۆڤ بەرز دەبێتەوە، ژمارەی دانیشتووانی هیندستان لە هی چین زیاتر دەبێت.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، چین كە زۆرترین خەڵكی سەر گۆی زەوی لێیە، لە 2050 وڵاتی هیندستان ژمارەی دانیشتووانی لە چین زیاتر دەبێ، هاوكات نێجیریاش ژمارەی دانیشتووانی لە هی ئەمەریكا زیاتر دەبێ.
ئەو ڕاپۆرتە دەستەی كاروباری ئابووری و كۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێ، ساڵانە ژمارەی خەڵكی لەسەرتاسەری دنیا 83 ملیۆن كەس زیاد دەكات، ئەو زیادبوونە بەردەوام دەبێ و ڕێژەكەیشی زۆرتر دەبێ بە گەیشتن بە ساڵی 2030 ژمارەی خەڵكی دنیا دەگاتە 8.6 ملیار كەس و لە 2050یش دەگاتە 9.8 ملیار كەس.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، تا ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووی سەر گۆی زەوی دەگاتە 11.2 ملیار كەس و ژمارەی دانیشتووانی هیندستانیش دەگاتە 1.3 ملیار كەس و نزیك دەبێتەوە لە چین كە ئێستە 1.4 ملیار كەس لەو وڵاتە دەژین.
هاوكات هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ئێستە ژمارەی بەساڵاچووان لە دنیا 962 ملیۆن كەسە و بۆ ساڵی 2050 دەگاتە 2.1 ملیار كەس و لە 2100 ئەو ڕێژەیەی بە ساڵاچوون بۆ 3.1 ملیار كەس بەرز دەبێتەوە.