هەرسێ چاكسازیی گەورانی شارەكانی هەولێر و سلێمانی و گەرمیان، كاتی سەردانكردنی كەسوكاری گیراوان بۆ چاكسازییەكانیان بڵاو كردووەتەوە، بەشێوەیەك یەكەمین ڕۆژی جەژن سەردانكردنی گیراوانیان نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، بەگوێرەی ئەو ئاگەدارییانەی لە هەرسێ چاكسازی بڵاو كراوەتەوە و تیایدا هاتووە، یەكەمین رۆژی جەژن سەردانكردنی گیراوان نییە و خشتەی سەردانكردنیش بۆ دووەمین ڕۆژ و سێیەمین ڕۆژی جەژنە.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی بڵاویان كردووەتەوە، لە چاكسازیی هەولێردا هاتووە، ئاگەداری سەرجەم كەسوكاری سزادراوان دەكەینەوە كە ڕۆژانی سەردان لە جەژنی رەمەزانی پیرۆز بەم شێوەیەی دەبێت:
ڕۆژی دووەمی جەژن تایبەتە بە ئافرەتان لە سەعات هەشتی بەیانی تا ۱۲ی نیوەڕۆ.
ڕۆژی سێیەمی جەژن تایبەتە بە پیاوان لە سەعات هەشتی بەیانی تا ۱۲ی نیوەڕۆ.
لە ئاگەدارییەكەی چاكسازیی هەولێر هاتووە، سەردان تەنیا بۆ خزمی پلە یەك و پلە دووە بۆ مەبەستی خزمەتی چاكسازی و سزادراوان و نەهێشتنی بارگرانی و كارئاسانی بۆ خانەوادەیان، بۆیە كەسی سەردانیكەر پێویستە ناسنامەی باری كەسیەتی (نفووس) پێ بێت كە جۆری خزمایەتی لەگەڵ سزادراو دیاری بكات.
هەروەها چاكسازیی سلێمانی لە ئاگەدارییەكی بۆ كەسوكاری گیراوان هاتووە، یەكەمین ڕۆژی جەژن سەردان نییە و دووەمین ڕۆژ و سێیەمین ڕۆژ سەردان دەست پێ دەكات. ئەویش بەم شێوەیە:
ڕۆژی دووەمی جەژن سەردان تەنیا بۆ ئافرەتانە.
ڕۆژی سێیەمی جەژن سەردان تەنیا بۆ پیاوانە.
لە ئاگەدارییەكی چاكسازیی گەرمیاندا هاتووە، سەردان لە دووەمین ڕۆژی جەژن دەست پێ دەكات بەم شێوەیە:
دووەمین ڕۆژی جەژن سەردان تەنیا بۆ ئافرەتانە.
سێیەمین ڕۆژی جەژن تەنیا بۆ پیاوانە.
بەمەبەستی ڕێكخستی كاروباری چاكسازییەكان بەتایبەتی لە ڕۆژی جەژنان، چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتی بۆنەكاندا سەردان بە لیستی دیاریكراو ڕێك دەخەن.