زانایانی ئەڵمانیا جۆرە دەرمانێكی نوێیان داهێنا كە دەبێتە هۆی نەمانی ئارەزووی خواردن و دابەزینی كێشی لەش بەشێوەیەكی زۆر خێرا و بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە جەستە و تەندروستیتان بگەیەنێت.
زانایانی پەیمانگەی DZDی ئەڵمانیا بۆ توێژینەوە لە نەخۆشیی شەكرە لە گۆڤاری Scientific Reports ئاشكرایان كرد، جۆرە دەرمانێكی نوێیان لە شێوەی حەب و بەخاخی پزیشكی داهێناوە، كە هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە پێكهاتەكەیدا هەیە و جگەلەوەی بۆ تووشارانی نەخۆشیی شەكرە بە سوودە، یارمەتی هەر كەسێكیش دەدات و ئارەزووی خواردنیان كەم دەكاتەوە.
زانایان حەب و بەخاخە تازەكەیان لەسەر كۆمەڵێك كەس تاقی كردووەتەوە كە بە دەست كێشەی قەڵەوییەوە دەناڵێنن و ڕۆژانە بڕێكی زۆر خۆراكیان خواردووە، دوای بەكارهێنانی ئەو دۆزینەوە نوێیە حەزیان بۆ خواردن بە ڕێژەیەكی زۆر كەمی كردووە و لە زۆرخۆری ڕزگاریان بووە.
دوای نیو سەعات بەكارهێنانی ئەو بەخاخە، ئاماژەكان بە مێشك دەگەن، هۆڕمۆنی ئەنسۆلین كار لە مێشك دەكات و حەز و ویستی خواردن لە مێشك كەم دەكاتەوە و بەمەش مێشك فەرمان بە گەدە و كۆئەندامی هەرس دەكات بەشێوەیەكی ئاسایی و وەك كەسێكی تێر دۆخەكە بەردەوامی پێ دەدات.
دەرمانە نوێكە تا ئێستە تاقیكردنەوەی بەردەوامی بۆ دەكرێ و لە قۆناغی یەكەمیدایە و تا ئێستە بە تەواوی كاریگەرییەكانی پێوانە نەكراوە، كە جگەلە سوودی چ كاردانەوە و زیانێكی دەبێ، بەڵام بەگشتی داهێنانی ئەو دەرمانە بە شۆڕشێك لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی دادەنرێت.