عەلی عەونی: با خامنەیی لە خەمی وڵاتەكەی خۆیدا بێت
"كارێك نەكات ئێمەش لەسەر چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران قسە بكەین"

:: PM:12:11:22/06/2017 ‌


عەلی عەونی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆیەك لەگەڵ بەشی فارسی تەلەڤزیۆنی "بی بی سی" باس لە هەڵویستی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات كە لە میانەی سەردانی ئەم دواییەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران، دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە بێ بەها لە قەڵەمی دا.

عەونی دەڵێت "لە پلەی یەكەمدا پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بابەتێكە پێوەندی بە گەلی كوردەوە بە تایبەتی كوردی باشوور هەیە و بەگوێرەی بنەماكانی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو مافە بۆ خۆی بە رەوا دەزانێت، جگەلەمە ئەو ریفراندۆمە لە خاكی ئێراندا بەڕێوە ناچێت، بەڵكو لە دەرەوەی ئێرانە، بۆیە داوا لە بەرپرسانی ئێران و رێبەری ئەو وڵاتە دەكەین دەست لە كاروباری وڵاتانی تر وەرنەدەن و لە خەمی وڵاتی خۆیاندابن."

خامنەیی لە قسەكانیدا لەبارەی پرسی ریفراندۆم گوتبووی، دەنگۆیەكی لەو شێوەمان بە گوێ گەیشتووە و بە بێبەها لە قەڵەمی دابوو و ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت "خامنەیی لە هەڵەدایە، چونكە ئەمە دەنگۆ نییە، بەڵكو هەنگاوێكی پراكتیكییە و تەنانەت رۆژەكەشی دەستنیشان كراوە و لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەچێت."

 بەگوتەی عەلی عەونی، كورد لە باشووری كوردستان سەرجەم سیستەمە سیاسییەكانی مانەوە لەگەڵ عێراقی تاقی كردووەتەوە، لە سیستەمی پاشایەتی و  كۆماری بگرە تا دەگاتە دەسەڵاتی  سوننە و شیعە و پشكیان لە هەموو ئەو دەسەڵاتانە تەنیا قوربانی و ئەنفال و كیمیاباران بووە. 

ئەو لەبارەی كاریگەرییەكانی قسەكانی خامنەیی لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران كە لە رابردوودا بە گوتەی پیشكەشكارەكەی "بی بی سی" پێوەندییەكی پتەو بووە، دەڵێت "وەك چۆن خامنەیی رێگە بە خۆی دەدا لە سنوورەكەی بترازێت و قسە لەسەر خەڵكی كوردستان بكات، دەبێت رێگە بە خەڵكی تر و ئێمەش بدات لەسەر چارەنووسی بەلووچ، كورد و ئازەری و عەرەبەكانی ئێران قسە بكەین كە دۆخەكە خراپتر دەكات. هەرێمی كوردستان دەیەوێت دراوسێیەكی زۆر باش بێت بۆ هەر سێ نەتەوە و هەر چوار وڵات كە هەر كامێكیان بەشێك لە كوردستانیان داگیر كردووە."

بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەزموونی ٢٧ ساڵ حكوومەتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی كوردستان نیشانی داوە و هیچ كاتێك ئەو حكوومەتە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەی تەناهی بۆ سەر ئەو چوار وڵاتە نەبووە و بە پێچەوانە لە هەر چوار وڵاتەوە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان كراوە، سنوورەكانی تۆپباران كراون و گوشاری خراوەتە سەر و لەوانەیە تیرۆریش هەر لە رێی ئەو وڵاتانەوە خۆی خزاندبێتە كوردستان،  بەڵام بە پێچەوانەوە كورد هەموو كات بەدوای رێگەچارەی ئاشتییانە بووە و هیواداریشە لەگەڵ ئێران و لەگەڵ عێراقیش كە بەغدا قووڵایی ستراتیژیی تەناهییەتی، كوردستانیش خوازیارە ببێت بە قووڵایی ستراتیژی تەناهیی بەغدا.

پێشكەشكارەكەی "بی بی سی" ئەوە دەورووژێنێت كە لە ناوخۆی كوردستانیش هەندێك حزب هەن دژایەتی ریفراندۆم دەكەن و عەلی عەونیش لە وەڵامدا دەڵێت، "بەهەموو ئەو كەسانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن دەڵێین، ئێمە دەمانەوێت بە یاساییترین و ئاشتییانەترین رێگە وەڵامیان بدەینەوە و ئەویش ئەوەیە دەنگی خەڵك بكەینە پێوەر و خەڵكە بڕیار دەدات بەراستی سەربەخۆیی دەوێت یان دەیەوێت بە ژێردەستەیی بژیت."

عەونی هەروەها روونی دەكاتەوە ئەوانەی پێیان وایە ریفراندۆم بۆ شاردنەوەی تەنگژەی دارایی و بە لاڕێدانی رای گشتی خەڵكە، دەڵێین ئەوە دروشم و بۆچوونی ئەو وڵاتانەیە و دەترسن چیتر دەستیان بە خێر و بێری هەرێمی كوردستان رانەگات كە لە رابردوودا بە تاڵانیان بردووە. ئەو هەروەها دەڵێت، "بەڵێ ئێمە كێشەی ئابووریمان هەیە و خۆی ریفراندۆم ئەنجامی رەفتاری 100 ساڵەی حكوومەتی عێراقە، پێشتر بەڕێوەبەری ئەمن و ئاسایشی شارێكی وەك هەولێر، بۆ نموونە كەسێك بووە بەناوی دلێمی و ئەمڕۆش دەیانەوێت كەسێك بەناوی مووسەوی، هاشمی و نەجەفی بەسەرماندا حوكم بكات."

لە كۆتای دیمانەكەدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "ریفراندۆم خۆدزینەوە نییە لە باری گرانی بەرپرسیارییەتی بژێو و ژیانی خەڵك، بەڵكو دوو رێگە لە بەردەم خەڵكی كوردستاندایە، یان دەبێت بچنە ژێر ركێفی داگیركەر و یانیش سەربەخۆ بن، دڵنیاشین ئەو هەنگاوە هەندێك ریسك و قوربانی هەیە، بەڵام هەر شتێك بێت لە ریسك و قوربانییەكانی ژێردەستەیی زیاتر نییە و پێشتریش قوربانیمان داوە، گوندەكانمان وێران كراون. ٣٠ حزب پاڵپشتی لە ریفراندۆم دەكەن، یەك یا دوو حزب هەندێك بیانوویان خستووەتە ڕوو و تەنانەت گومانمان لەوە هەیە ئەو هەڵویستەش هەڵوێستێكی ناوخۆیی بێت."







وشە - سلێمان تاشان