ئەمڕۆ یادی ئەم گۆڵە مێژووییەی ماڕادۆنایە

:: PM:12:52:22/06/2017 ‌

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە 22/6/1986 دییگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 1986ی مەكسیك گۆڵە مێژووییەكی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا تۆمار كرد.

یارییەكە لە یاریگەی ئەزتیك لە وڵاتی مەكسیك لە قۆناغی پێش كۆتای مۆندیالی 1986 چوو كە تێیدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.

لەو یارییەدا و لە خولەكی 51ی گێمی دووەمدا ماڕادۆنا فێڵێكی گەورەی لە ناوبژیوان كرد و بەدەست تۆپێكی هەڵدایە ناو گۆڵی پیتەر شیڵتۆنی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا.

ماڕادۆنا چەند جارێك باسی ئەو گۆڵەی كردبوو و بە (دەستی خوا) ناوزەدی كردبوو.

ماڕادۆنا هەروەها دوای ئەم گۆڵە بە 4 خولەك گۆڵێكی تری مێژوویی تۆمار كرد كە تێك بەشی زۆری یاریزانەكانی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕای بڕی و گۆڵی سەركەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمار كرد، ئەم گۆڵەش لە ساڵی 2002 بە گۆڵی سەدە هەژمار كرابوو.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا، لە یاریی كۆتای مۆندیالی 1986 رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووەنەوە و توانیان دووەم ناسناوی پاڵەوانیەتییەكە لە مێژوودا بەرز بكەنەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م