سەرۆكی حكوومەت و نوێنەرایەتی سەرجەم باڵوێزخانەكانی ئەوروپا كۆ بوونەوە

:: PM:01:16:22/06/2017 ‌


نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی باڵوێز و كونسوڵخانەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی پاتریك سیمۆنێت باڵوێزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، كۆ بوونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاتریك سیمۆنێت باڵوێزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كۆ بوونەوە، شاندی میوان پوختەیەكیان لەبارەی ناوەڕۆكی دوا كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا پێشكەش كرد و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵكی هەرێمی كوردستانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەرز نرخاند، هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدایان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێی دیالۆگ، دووپات كردەوە.

لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەیان بەوە دا كە یەكێتی ئەوروپا خوازیارە ئەولەویەتی كارەكان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش نەگۆڕێت، لەمبارەیەوە بە پێویستیان زانی بە هاوكاریی دۆستان، گفتوگۆ و دیالۆگێكی رژد لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بكرێت.

 سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی وڵاتانی ‌یەكێتیی ئەوروپا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا كرد و دید و بۆچوونەكانی شاندی میوانی بەرز نرخاند و ئەنجامدانی دیدار و كۆبوونەوەی هاوشێوەی بە پێویست زانی، هەروەها دووپاتی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان و بەغدا پێویستیان بەوەیە دەست بە دیالۆگێكی رژد لەبارەی داهاتووی پێوەندییەكان و پێكەوەژیان و چارەسەركردنی گرفتەكان بكەن‌.

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمیش ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە خواست و ئیرادەی گەلی كوردستانە بەمەبەستی دەستنیشانكردنی داهاتووی خۆی. دووپاتی كردەوە كە ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و بەهۆیەوە سەركەوتنی هاوبەشی گەورە بەدەست هاتوون و لە هەوڵەكانیشیان بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوام دەبن.



وشە - رامیار جەواد