زانایانی بەریتانیا لەمیانەی توێژینەوەیەكدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە گوێگرتن لە موزیك كاریگەری زۆری دەبێ لەسەر پرۆسەی دەربڕین و قسەكردن، شێوازی قسەكردنیش دەگۆڕێت.
زانایان دەڵێن، بەگوێرەی دوا توێژینەوەكانمان لەسەر موزیك، گەیشتین بەو ئەنجامەی كە گوێگرتن لە موزیك كاریگەری زۆر لەسەر شێوازی گوتن و بەقسەهاتنی مرۆڤ دەدانێ، چونكە موزیك كار لەسەر چەند ناوچەیەكی دیاریكراوی مێشك دەكات كە بەرپرسن لە پرۆسەی دەربڕین و ڕێكخستنی هزر و دەربڕینی بیرۆكەكان.
ئاماژەیان بەوەش دا، ئەمە هەر بۆ منداڵ نییە، بەڵكو بۆ ئەو كەسانەیە كە تووشی گۆشەگیری و دووركەوتنەوە لە خەڵك و تەنیایی بوون، یان تووشی جەڵتەی مێشك و كێشەی لەبیرچوونەوە و نەخۆشییەكانی مێشك بوون.
هێما بۆ ئەوەش دەكەن، لەمیانەی تاقیكردنەوەكانمان توانراوە چەندان كەس بەهۆی گوێگرتن لە موزیكەوە توانای قسەكردنیان بۆ بگێڕێتەوە، لەوكاتەی بەهۆی جەڵتە و نەخۆشییەكانی تری مێشك توانای قسەكردنیان لە دەست دابوو، هەرچەندە شەپۆلی كارەبایی بۆ مێشكیان ئاراستە كرا و چەندان پسپۆڕی دەروونی لەگەڵیان دانیشتن و بە دەنگی جیاواز و جۆری جیاواز هەوڵی بە قسە هێنانەوەیان درا، بەڵام گوێگرتن لە موزیك لە هەموو ڕێگە و شێوازەكان كاریگەرتر بوو.
ڕوونیان كردەوە، لەمیانەی چاودێریكردنمان بۆ مێشك لەوكاتەی ئەو نەخۆشانە گوێیان لە موزیك دەگرت، خانەكانی ئەو بەشەی مێشك كە بەرپرسە لە دەربڕین پارێزراوتر دەبوون و یارمەتیان وەردەگرت تا بەزیندوویی بمێننەوە.