له‌سه‌ر لێوارى رێى سه‌ره‌كیى ده‌روازه‌ى گه‌لى باڵنده كه رێیه‌كى ستراتیجییه و زیاتر له 150 گوندى ده‌ڤه‌رى نێروه و رێكان له سنوورى شارۆكه‌ى ئامێدى پێكه‌وه ده‌به‌ستێت، ژماره‌یه‌كى زۆرى مین و ته‌قه‌مه‌نیی چێنراویان هه‌یه و مه‌ترسییه‌كى راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ژیانى دانیشتووان و گه‌شتیاران دروست كردووه. ئه‌و زه‌وییه 110 هه‌زار مه‌تری مینڕێژكراوه و تابلۆی ئاگاداركردنه‌وه‌ی نییه، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى مینی دهۆك به‌ڵێن به "وشه" ده‌دا كه دوای جه‌ژن ده‌ست به پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
سه‌میع سدیق هاووڵاتییه‌كى كومه‌ڵگه‌ى سیرێی سه‌ربه شاره‌دیێ شێلادزێ رای ده‌گه‌یه‌نێ، ژماره‌یه‌كى زۆرى مین و ته‌قه‌مه‌نیى چێنراو له ده‌روازه‌ى گه‌لى باڵنده هه‌ن. ئه‌و، به"وشه"ى گوت "ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتییانى ناوچه‌كه هه‌یه و چه‌ندان هاووڵاتیى گیانیان له ده‌ست داوه به‌هۆیانه‌وه، بێ له كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆر ئاژه‌ڵ".
به‌گوته‌ی ئه‌و هاووڵاتییه، گه‌لی باڵنده یه‌كێكه له شوێنه نزیكه‌كانى شاره‌دێی شێلادزێ و ناوچه‌یه‌كى ئاوه‌دانه و رۆژانه زیاتر له هه‌زار كه‌س هاتوچۆ به‌ناو ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نییانه‌دا ده‌كه‌ن. دووپاتی كرده‌وه "وه‌ك دانیشتووانى ناوچه‌كه ده‌زانین مین و ته‌قه‌مه‌نی له كوێدا هه‌ن و خۆمان ده‌پارێزین، به‌ڵام گه‌شتیار و میوان زانیاری‌یان نییه و ئه‌وه وای كردووه مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان دروست بكات".
به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" پێشتر زۆرجار داوا له لایه‌نى پێوه‌ندار كراوه چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن "تا ئێسته هیچ دیار نییه".
دڵگه‌ش محه‌مه‌د پۆلیسى دارستان و پاوان له ده‌روازه‌ى گه‌لی باڵنده بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه مه‌ترسییه‌كى زۆر گه‌وره له‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتییان به‌هۆى ئه‌و مینانه‌وه هه‌یه. ئاماژه‌ی دا "پێشتر به‌چاوى خۆمان بینیومانه منداڵ چوونه‌ته ناو ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نییانه و زۆر به ئه‌سته‌م توانیومانه رزگاریان بكه‌ین، هه‌روه‌ها له به‌رچاوى خۆمان چه‌ندان ئاژه‌ڵ كوژراون، ته‌نانه‌ت جارێك پۆلیسێكی خۆمان مینی پێدا ته‌قییه‌وه".
"ده‌مانه‌وێت بڵێین ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نییه چێنراوانه له‌سه‌ر لێوارى رێى سه‌ره‌كیى گه‌لى باڵنده، مه‌ترسى راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر ژیانى هاووڵاتییان و گه‌شتیاران هه‌یه، چونكه گه‌لى باڵنده خۆى یه‌كێكه له هاوینه‌هه‌واره‌كانى ده‌ڤه‌رى ئامێدى و رۆژانه سه‌رووى 600 ئۆتۆمبێلى گه‌شتیارى و دانیشتووانى ناوچه‌كه بۆ مه‌به‌ستى گه‌شتوگوزار و كات به‌سه‌ربردن دێنه ئه‌وێ و هه‌ركات گیان له‌ده‌ستدانیان چاوه‌ڕوان كراوه". دڵگه‌ش وای گوت.
له هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 1991وه تا ئێسته 14 هه‌زار و 500 هاووڵاتی به‌ر مین و ته‌قه‌مه‌نی كه‌وتوون، هه‌شت هه‌زاریان بریندار و كه‌مئه‌ندام بوونه، زیاتر له شه‌ش هه‌زار هاووڵاتیش گیانیان له ده‌ست داوه".
عه‌بدولكریم ئه‌حمه‌د به‌رپرسى پلاندانان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى مین له پارێزگاى دهۆك به"وشه"ى راگه‌یاند، "نزیكه‌ى 110 هه‌زار مه‌تر زه‌ویى ده‌وروبه‌رى رێى سه‌ره‌كیى ده‌روازه‌ى گه‌لى باڵنده له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس و دواتریش له‌لایه‌ن په‌كه‌كه، به مین و ته‌قه‌مه‌نی چێنراون، تا ئێسته‌یش ماون و هیچ ده‌زگه‌یه‌ك هه‌ڵینه‌گرتوونه‌ته‌وه، بۆیه رۆژانه وه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك ده‌مێنێته‌وه".
به‌گوێره‌ی زانیارییه نافه‌رمییه‌كان، زیاتر له هه‌زار مینى چێنراو له‌سه‌ر لێوارى رێى سه‌ره‌كیى ده‌روازه‌ى گه‌لى باڵنده و ده‌وروبه‌رى هه‌ن.
به‌رپرسه‌كه‌ی ده‌زگه‌ی مین گوتی، "له ساڵى 2008 له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى مین له دهۆك چه‌ند هێمایه‌كى وشیاركردنه‌وه له‌و شوێنه چه‌قێنران، به‌ڵام به‌هۆى تێپه‌ڕبوونى كات به‌شێكى زۆرى ئه‌و هێمایانه نه‌مان و ئه‌وه‌یشی ماوه تێك چووه، به‌ڵام به‌ڵێن ده‌ده‌ین راسته‌وخۆ دواى جه‌ژن سه‌ردانى ئه‌و شوێنه ده‌كه‌ین بۆ پاككردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه له مین و ته‌قه‌مه‌نى".
گه‌لى باڵنده /45كم رۆژهه‌ڵاتی ئامێدی/ هه‌ردوو شاره‌دێی بلێ و شێلادزێ پێكه‌وه ده‌به‌ستێت، رووبار‌ى ئاڤاشین له ناوه‌ڕاستى ئه‌و گه‌لییه هه‌ڵكه‌وتووه، ناوچه‌یه‌كى ئاوه‌دان و گه‌شتییارییه، باره‌گاى هه‌ریه‌كه له ئاسایشى سنوور و پۆلیسى دارستان و پاوان ده‌كه‌ونه ئه‌و شوێنه‌ى كه مین و ته‌قه‌مه‌نییان هه‌یه.
ئامێدى/ نه‌وزاد هلۆرى