هەریەك لە پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر و پۆلیسی فریاكەوتن و ڕێكخستنی كاروباری پایتەخت، پلانی تەناهیی خۆیان بۆ ڕۆژانی جەژن و ڕۆژی بەرلە جەژن ڕاگەیاند و سەرجەم هێزەكان دەخرێنە ئامادەباشییەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، ڕائید فازڵ حاجی حوسێن گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەمەبەستی ڕێكخستی كاروباری ناو شار و ڕێی گۆڕستانەكان، سەرجەم كارمەندانی هاتوچۆ دەخرێنە ئامادەباشییەوە.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، لە ڕۆژی بەرلە جەژن سەرجەم ئەفسەر و پۆلیسی هاتوچۆ بۆ ڕێكخستنی ڕێگەكانی گۆڕستان لە ئامادەباشیدا دەبن و كۆنتڕۆڵی ئەم ڕێگانە دەكەن بۆ كارئاسانیی هاووڵاتییان.
ڕائید فازڵ زیاتر گوتی، لە ڕۆژانی جەژن كامێرای چاودێری دادەنرێت و مەفرەزەی هاتوچۆ دەبێت پۆلیسی هاتوچۆش لە بەردەم مۆڵ و شوێنە گشتییەكان ئامادە دەبن بۆ ڕێگریكردن لە جەنجاڵی ڕێگەكان.
هەر لەم كۆنگرەیە ڕائید هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، هێزەكانی پۆلیس لە ئامادەباشیدا دەبن و بەشی زۆری كارمەندانمان لە دەوام دەبن بۆ ئەوەی سەر و ماڵی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
گوتەبێی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، پلانەكانمان لە كۆتا ڕۆژی رەمەزان دەست پێ دەكات و بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایش جێبەجێی دەكەین و دابەشی سەر گۆڕستان و شوێنە گشتیەكانیان دەكەین.