بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دهۆك پلانی جەژنی راگەیاند

:: PM:02:37:22/06/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندرەستی دهۆك، پلانی رۆژانی جەژنی رەمەزان لە سنووری پارێزگای دهۆك راگەیاند، بەپێی ئامارەكان لە رەمەزاندا  11 شوێنی گشتی داخراون، 36 شوێنی گشتی سزا دراون، 194 شوێنیش ئاگادار كراونەتەوە و دوو هەزار و 640 كیلۆ پێداویستی ماوە بەسەرچوو لەناو براون.

حەمزە رەزكی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك بە"وشە"ی راگەیاند، لە سەنتەری شاری دهۆك هەریەك لە بنكەی تەندروستی خەبات، بنكەی تەندرۆستی ماڵتا، نەخۆشخانەی فێركاری ئازادی، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك، نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان، نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی دهۆك، نەخۆشخانەی سووتان و نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری و نەخۆشخانەی چاو لە رۆژانی جەژن لە ئەركدا دەبن و كراوە دەبن.

لەبارەی دەوروبەری شارەوە بەرپرسەكەی تەندروستی روونی كردەوە، "لە سەنتەری شارۆكەكانی سەربە پارێزگای دهۆك، هەریەك لە بنكەی تەندروستی شێخان و كەلەكچی و قەسرۆك لە شارۆكەی شێخان، بنكەی دووبات لە شارۆكەی سێمێل، بنكەی گارە و دێرەلۆك و شێلادزێ‌ لە ئامێدی، رۆژانی جەژن كراوە دەبن".

"تیمەكانی 122 لە سنوورەكانی دەرەوەی یەكەی كارگێڕیی هەرێمی كوردستان لەكاردا دەبن بەشێوەیەك  20 تیمی 122 بۆ پشتیوانی لە هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، چیای شنگال، ناوەران، باشیك، زومار، حگنە، سنوون، دوبەران، بەنداوی مووسڵ و تەلسقووف جێگیر دەكرێن". رەزكی وای گوت.

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك ئاماری چاودێری مانگی رەمەزانی خستە ڕوو كە لە سنووری پارێزگای دهۆك 11 شوێنی گشتی داخراون، 36 شوێن سزا دراون، 194 شوێن ئاگادارییان پێ دراوە و دوو هەزار 640 كیلۆ كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو لەناو براون.

دهۆك / نەوزاد هلۆری



وشە - تایبه‌ت