هەر ئۆتۆمبێلێك لە مانگی پێنجەوە هاتبێتە كوردستان دەبێت بگەڕێندرێتەوە

:: PM:03:33:22/06/2017 ‌


دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆكانیان سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان نییە، بڕیاری تابلۆكردنیان بۆ دەرچوو، لە ئێستەدا هەر ئۆتۆمبێلێك لە مانگی پێنجی ساڵی 2017ەوە هاتبێتە ناو هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ شوێنی خۆی بگەڕێندرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، ڕائید فازڵ حاجی حوسێن گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە بوونیان هەیە، هەروەها وادەكەشی دیاری كراوە تا چ ڕێكەوتێك تابلۆ دەكرێت.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، هەر ئۆتۆمبێلێك لە مانگی پێنجی 2017ەوە هاتبێتە كوردستان، تابلۆ ناكرێت و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆی.

ڕائید فازڵ زیاتر گوتی، لە سنوورەكان ئێستە هیچ ڕێگە پێدانێك ناكرێت بۆ هێنانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە و ئەوەی دێت مۆدێلی لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2017ەیە كە ئاسایییە بمێنێتەوە و تابلۆی پێ دەدرێت، ئەگەر نا جۆرەكانی تر دەبێت بۆ شوێنی خۆی بگەڕێتەوە.

لە مانگی پێنجی ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی ڕێكخستی ئۆتۆمبێلە تابلۆنەكراوەكان، بڕیاری دا سەرجەمیان تابلۆ بكرێن و ئەوەش بەچەند مەرجێك بوو.



وشە - رامیار جەواد