تەشویش خراوەتە سەر كەناڵە ناوخۆییەكان و کۆمپانیایەک سکاڵای تۆمار کردووە

:: PM:03:49:22/06/2017 ‌

زیاتر لە مانگێکە كەناڵە ناوخۆییەكانی "ئامێری ئێچ دی" تەشویشی خراوەتە سەر و نیگەرانی هاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێ، كۆمپانیایەك بێ‌ مۆڵەت كەناڵەكان پەخش دەكاتەوە، بەڵام كۆمپانیای میكس میدیا كە مۆڵەتی فەرمی هەیە و خاوەنی پڕۆژەكەیە سكاڵای یاسایی تۆمار كردووە.

محەمەد گەردی بەڕێوەری گشتی چاپ و بڵا و كردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەم بابەتەن و ڕەخنەیەكی زۆری هاوڵاتیانیان بۆ هاتووە لە ناوەندی شاری هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی لە گەڕەكی نەورۆز كە تەشویشی زۆر خراوەتە سەر كەناڵە ناوخۆییەكانی ئامێری ئێچ دی ماڵان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، پەیوەندیم بە كۆمپانیای میكس میدیا كە خاوەنی پڕۆژەكەیە كردوە و ئەوان باسیان لەوە كرد كە كۆمپانیایەك بێ‌ مۆڵەت بە سیستەمی كیوبان كەناڵەكان پەخش دەكاتەوە بۆیە لەرەلەر دروست بووە لەسەر كەناڵەكان.

"ئێمە لەسەر هێڵین بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە و ئاگادارین كۆمپانیای میكس میدیا ئێستا لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كۆمپانیایە تۆمار كردوە و لە كێشە دایە لەگەڵی" محەمەد گەردی وای گوت.

زیاد مەحمود هاوڵاتیەكی دانیشتووی گەڕەكی بەهاری نوێی هەولێرە و وەک بۆ "وشە" ئاماژە دەدات، لە گەڕەكی نەورۆز كەناڵەكان تەشویشی زۆریان لەسەرە، سەرەتا وام زانی كە كێشەكە لە ئالیاری ماڵەكەی خۆمە، بەڵام دوای ئەوەی گۆڕیم، كەناڵەكان هەر وەكو خۆیەتی و لە كۆی 80 كەناڵ تەنیا 10 كەناڵ بە باشی وەردەگیرێت .

ئەو نیگەرانی زۆری لەو بارەیەوە دەربڕی و داوای لە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كرد كە چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن یان خەڵكی بە گشتی بایكۆتی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە بكەن تا كۆمپانیاكە بەخۆیدا بچێتەوە.

كارۆخ نورەدین بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای میكس میدیا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كێشەیەی ڕووی داوە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە بەڵكو كۆمپانیایەكی بێ‌ مۆڵەت دەستی داوەتە پەخش كردنەوەی كەناڵەكان لەسەر سیستەمی ئێمە .

دووپاتی دەکاتەوە، هاوڵاتیان حەقی خۆیانە نیگەران بن، بەڵام ئێستا ئێمە ئەو كۆمپانیایەمان ڕووبەڕووی یاسا كردۆتەوە و سكاڵامان لەسەر تۆمار كردون و لە ئایندەیەكی نزیك دا كێشە تەكنیكییەكە چارەسەر دەكەین، ئەو گرفتە لە هەموو هەولێر نیە بەڵكو لە چەند گەڕەكێكە كە لەرە لەر لەسەر كەناڵە ناوخۆییەكان دروست دەبێت.

وشە/هێمن ڕەفیق



وشە - هیدایه‌ت جان