یەکێتی ئەورووپا دەرگاکانی بەڕووی بەریتانیا دەکاتەوە

:: PM:03:55:22/06/2017 ‌

 

لە کاتێکدا بەریتانیا لە بەرنامەی دایە لە یەکێتی ئەورووپا جیا ببێتەوە، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند دەرگاکانی یەکێتی ئەورووپا بەڕووی بەریتانیادا کراوەن و بەریتانیا دەتوانێت لە جیابوونەوە پەشیمان ببێتەوە.

 

دۆناڵد توسک سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا دەڵێت هیشتا هیوادارە لەوەی رای بەریتانیا بگۆڕدرێت و بەرەو باوەشی ئەوروپا بگەڕێتەوە.

 

پێویستە بگوترێت تێریزا مێی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەرەو برۆکسێل بەڕێوەیە تا لە دانوستانی جیابوونەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەورووپا بەشداری بکات.

 

تێریزا مێی کە لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی وڵاتەکەی دەنگەکانی دابەزین سوورە لەسەر ئەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەورووپا جیا ببێتەوە.

 

فیلیپ هاموند وەزیری دارایی بەریتانیا بەر لە گەشتەکەی تێرێزا مێی بۆ برۆکسێل هۆشداری دابوو کە لەگەڵ پڕۆسەی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەر سامانەکەیان لە وڵات بردووەتە دەرەوە و لەوە دەترسن لە دوای جیابوونەوەی بەریتانیا زیانی داراییان بەربکەوێت.

 

ساڵی رابردوو بە زۆرینەی دەنگ خەڵکی بەریتانیا دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەکێتی ئەورووپا دا و ئەو بڕیارەش کاریگەری خراپی خستەسەر ئابووری بەریتانیا.

 



وشە - سلێمان تاشان