تابلۆی ئیسلامییەكان لە دەروازەی هەولێر كۆ كرایەوە

:: PM:06:17:22/06/2017 ‌

دوای ئەوەی لە رێگەی "وشە"وە راپۆرتێك لەسەر هەوڵی ئیسلامە سیاسییەكان بۆ بە سەلەفیكردنی سیمای كوردستان بڵاو كرایەوە، قایمقامیەتی هەولێر لە بەدواداچوونێكدا ئەو تابلۆیانەی لەسەر شەقامە سەرەكییەكانی سنووری پایتەخت كۆ كردەوە كە بەبێ مۆڵەتی شارەوانی و بە نایاسایی داندرابوون.

ساڵی رابردوو لەسەر شەقامە گشتییەكانی پێنجوێن كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی كۆمەڵێك تابلۆی ئاینییان بە شێوەی نایاسایی و بەبێ ئاگەداری شارەوانی و لایەنە پێوەندیدارەكان هەڵواسی، ئەوە بووە هۆی نیگەرانیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و گەنجان خۆپێشاندانی دژایەتییان رێك خست، ئەوان پێیان وابوو كە "دەستێك هەیە سیمای كۆمەڵگەی كوردستان لە كۆمەڵگەیەكی فرەئاینی و سیكۆلارەوە بگۆڕێت بۆ كۆمەڵگەیەكی سەلەفی و توندئاژۆ".

ئیسلامییەكان دەرفتەكەیان قۆستەوە و ناو بەناو لە رێگەوبانەكانی دەرەوەی شار تابلۆی پاڕانەوە و وشەی ئاینی باویان لە شەقام دەچەقاند.

دۆینێ لەسەر رێگەی سەرەكی هەولێر-پردێ كۆمەڵێك گەنج دوور لە رێوشوێنە یاساییەكان, ژمارەیەك تابلۆی لەو شێوەیان هەڵواسیبوو، ئەوەیش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەسەر ئاستی سۆشیال میدیا لێ كەوتووەتەوە و رۆشنبیرانی هەولێر ئەو دیاردەیە بە ناشارستانی و تێكدانی سیمای شار و وڵات وەسف دەكەن. بەڵام قایمقامی هەولێر دڵنیایی دەدات كە بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەكرێت و رێگە لە هەر دیاردەیەك دەگیرێت كە بەدەر بێت لە رێنوێنییەكان.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە رێگەی "وشە"وە ئاگەدار بوو كە دیاردەی هەڵواسینی تابلۆی لەو شێوەیە گەیشتووەتە دەروازەكانی پایتەخت و رای گەیاند، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی حوزەیران، قایمقامیەتی هەولێر سەرجەم ئەو تابلۆ نایاساییانەی لەسەر رێگەی سەرەكی هەولێر-پردێ كۆ كردەوە و وەك نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی پێ دەدات، بەهیچ شێوەیەك ناكرێ سەربەخۆ و بەدوور لە رێنوێنی تابلۆ هەڵبواسرێت.

دانانی تابلۆی ئاینی لەسەر شوێنە گشتییەكان بەدەر لەوەی لە ڕووی شارسازی و سیمای شارەوە جەنجاڵی دروست دەكات، هەوڵێكە بۆ تێكدانی سیمای كۆمەڵایەتی كوردستان كە كۆمەڵگەیەكی عەلمانییە و لە هیچ قۆناغێكی مێژوویدا وەك هەبوونێكی ئاینی دەرنەكەوتووە.

خەڵكی كوردستان زۆرینەی مسوڵمانن و پێوەندی خۆیان لە ڕێگەی باوەڕداریی ناسیاسییەوە لەگەڵ ئیسلام رێك خستووە، بەڵام ئیسلامییەكان هەمیشە كار بۆ قۆستنەوەی ئەو لایەنە ئیماندارییەی خەڵك دەكەن، بەڵام بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كوردستان تا ئێستە بە هەموویانەوە نەگەیشتوون بە "20%" لە كاتێكدا بەپێی ئامار، 94%ی كوردستان مسوڵمان پێكی دێنێ.







وشە - هیدایه‌ت جان