"لە چەند رۆژی داهاتوو ئازادكردنەوەی مووسڵ رادەگەیەندرێت"

:: PM:09:32:22/06/2017 ‌

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئازادكردنەوەی تەواوی شاری مووسڵ لە داعش رادەگەیەندرێت و دوای ئەوە حكوومەت روو لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و شوێنە دێرینەكانی دەكات. 

عەبادی ئەمڕۆ پێنجشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا رای گەیاند كە چەند رۆژێكە و ئازادكردنەوەی تەواوی مووسڵ رادەگەندرێت و دوای ئەوە روو لە ئاوەدانكردنەوەی شوێنە دێرین و شوێنەوارەكانی مووسڵ دەكەین كە داعش وێرانی كردوون لە حەدبا و نەمروود و حەزەر.

لای خۆیەوە فەریق رائید شاكر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە هێزەكانیان دەستیان بەسەر مزگەوتی حامدین لە مووسڵی كۆندا گرتووە و لە داعشیان پاك كردووەتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو مزگەوتە دەكەوێتە ناوچەی بابولبەیز و هێزەكانیان لە پێشڕەویدان بەرەو كڵێسای شەمعوون و ئێستەش چەكدارانی داعش دوای حەوت مانگ لە چەند بەشێكی مووسڵ كۆن و كۆمەڵگەی پزیشكی لە گەڕەكی شیفا گەمارۆ دراون.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل